Mümin Altaş
12 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2021
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی بنیاتنانی تورکیایەکی بەھێز گوتی: "لە رێگای بنیاتنانی تورکیایەکی گەورە و بەھێز، لە پاڵ بوارەکانی دیکەدا، لە بواری ئابووریش بە متمانەوە بەرەوپێش دەچین".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتەکەی گوتارێکی ئاراستەی رای گشتی کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی بڵابوونەوەی جۆرە گۆڕاوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرتاسەری جیھان رایگەیاند: "جۆرە گۆڕاوەکانی ڤایرۆسەکە ھەڕەشە لە جیھان دەکات. ئێمە لە ئاستێکی باشداین ھەم لە ھێزی سیستەمی تەندروستیی و ھەمیش لە رێژەی کوتان".
ئەردۆغان ھەر لەمبارەیەوە گوتی: "(COVID-19) ئەو ناوچانەی کە رێژەی کوتان تیایاندا نزمە، لەوانەیە لە ژێر ھەڕەشەدا بن. ناچارین ئەو دەستکەوتە بپارێزین کە بە ھەوڵی زۆر جیددی بەدەستمان ھێناوە".
سەرکۆماری تورکیا باسی لەو لایەنانە کرد کە دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی کار دەکەن و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەوە دەبیین کە ھەوڵی ئەوانەی ھەوری رەش دەھێنە سەر تورکیا و سەری گشت پێشھاتە ئەرێنییەکان دادەپۆشن و بێ ئومێدی بڵاودەکەنەوە، بێ ھودەیە".
ئەردۆغان باسی لە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی کرد و گوتی: "لە ساڵانی داھاتوودا، کاتێک پرۆژە، وەبەرھێنان، سیاسەتەکانی ئەمڕۆمان دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، تورکیای گەورە و بەھێز بنیات دەنێین. ئیتر خەریکە تورکیا لە ئاستی سیاسیی و ئابووریدا بۆ بەرزترین ئاست لەسەرتاسەری جیھاندا ھەنگاو دەنێت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە خزمەتگوزاری سەرەتاییان گەیاندووەتە سەرجەم ناوچەکانی تورکیا و رایگەیاند: "لە رووی ماف و ئازادییەکان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا جیاوازیی لە نێوان ناوچەکانی رۆژھەڵات و رۆژئاوا، باکوور و باشووری تورکیادا نەماوە".
سەرکۆماری تورکیا، ئەردۆغان لەبارەی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووز گوتی: "داستانی ١٥ی تەمووز کە گەلی تورک نووسییەوە، بە درێژایی سەدەکان وەبیردەھێنرێتەوە و دەبێتە خاڵێکی مێژوویی کە وانەی تێدا وەردەگیرێت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاری بێ رێزیکردن بە کڵێسایەکی شاری ئیستانبوڵ بە کردەوەیەکی تێکدەرانە ناوبرد و گوتی: "ئەو بێ رێزییەی بەرامبەر کلێسایەک لە ناوچەی کادیکۆی شاری ئیستانبوڵ کرا، وەک کارێکی تێکدەرانە بەرامبەر یەکریزی و یەکێتییمان دەبینیم".