ئەنقەرە
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانەی بەرنامەیەکی کەناڵی تەلەفزیۆنی ATV وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
دەربارەی ئەوەی دەگوترێ ئامانجی شاراوە لە کۆبوونەوەی دیاربەکر، ئەوەیە بارزانی بکرێتە ئەکتەرێکی پڕۆسەی ئاشتی و دژی BDP و PKK بەکاری بێنن؟ ئەردۆغان لە وەڵامدا ئاماژەی بەوەدا کۆبوونەوەکەی دیاربەکر لە کۆتایی ھەفتەی رابردوو لە چەند روانگەیەکەوە پڕۆسەی ئاشتی بەھێزتر دەکات، پێیوایە ئامادەبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، شوان پەروەر و ئیبراھیم تاتڵیسەس، ھێزێکی زیاتری بەخشیە ئەو ھەنگاوانەی کە تا ئەمڕۆ نراون، ھەروەھا دەڵێ نزیکەی ٦٠ ھەزار کەس لە دیاربەکر گفتوگۆکانیان بە جۆشەوە پیرۆز کرد. ئەردۆغان لەوبارەیەوە دەڵێ: "لە ماوەی دوو رۆژدا بە بڕی ٨٨٠ ترلیۆن لیرە پڕۆژە کرانەوە. لە رووی کۆمەڵایەتیەوە ئەو کۆبوونەوەیە گرنگی خۆی ھەیە. قسەکانی بەڕێز بارزانی لەوێ، پاشانیش قسەکانی لە تەلەفزیۆن پیشانی دا کە ئەو بەیەکگەیشتنە وەکو لەدایکبوونی سەردەمێکی نوێ چەند گرنگە."
ئەردۆغان کە ئەو لەمیانەی سەردانەکەیدا سەردانی شارەوانی ئەو شارەی کردووە: "لە بنەمادا لەوانە دوورنین، چونکە لەناو پڕۆسەی چارەسەرداین. لە سایە شنەبای ئاشتی ئەو یەکتر لەباوەشکردنە ئەنجامدرا، بە گشتیش سیاسەت ئەمە لەخۆ دەگرێت، پێویستیشە وابێ."
لە چوارچێوەی ھاووڵاتیبوون داواکاریەکتان ھەیە بۆ چارەسەری ئامادەین
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە لە ساڵی ٢٠٠٥ ئەو ھەنگاوانەمان ناوە، چارەسەری ئەوانە دەکەین. لەمبارەیەوە دەڵێ: "پێویستە لەسەر مەسەلەی وەکو دوای ٣٧ ساڵ گەڕانەوەی شوان پەروەر بۆ وڵاتەکەی، مەسەلەکانی وەکو ئەو قسە بکرێ، ئەوانە چەند مەسەلەیەکن پێویستە لەبارەیانەوە بیر بکرێتەوە. من بە شوانیشم گوت "ئەگەر لە مەسەلەی ھاووڵاتیبوون و مەسەلەی بەم شێوەیە داواکاریتان ھەیە، ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی". ھەمان شت بۆ خێزانی خوالێخۆشبوو ئەحمەد کایا دەڵێم "ئەگەر پێویست دەکات تەرمەکەی بگوازنەوە ئامادەین." لەوانەیە رۆیشتنی لێرە زۆر جیاواز بووبێ، بەڵام بە دڵنیایەوە ئێستا گەڕانەوە لە نیگای ئێمە زۆر ئاسانە، ئامادەین ئەوەی دەکەوێتە سەر شانمان جێبەجێی بکەین."
زۆر واتادارە ئەگەر ئەمە ئۆپۆزسیۆنی نیگەران کردبێ
ئەردۆغان رایگەیاند دوای راگەیاندنی پڕۆژەکان لە دیاربەکر بە رۆژێک سەردانی شارۆچکەی بیسمیل و ئەرگانێی کردووە. لەمبارەیەشەوە گوتی:"نیگەرانبوونی کەسێک لە دەستەواژەی بەڕێوەبەرایەتیی ھەرێمی کوردستانی عێراق، نیگەرانبوونی ئۆپۆزسیۆن زۆر واتادارە. بەڕاستی ئەوان مێژووی ئێمە ناناسن، پێویست ناکات بۆ زۆر دوور بگەڕێینەوە. مێژووی نزیکیشمان ناناسن. من لێرە باس لە مێژوویەکی نزیک پەیوەست بە پڕۆسەکە دەکەم، باسی قسەکانی موستەفا کەمال بەتایبەتی لە پەرلەمان دەکەم. ئەوانە ئەو قسانەن کە لە تۆمارەکانی پەرلەمان ھەن. زۆر زۆر واتادارن، بۆیە گرنگیان پێدەدەم. لەلایەکی ترەوە ئەو دەستەواژەیە لە دەستووری عێراقدا ھەیە. وەکو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و یاساکانی ھەرێمی کوردستان ناو دەبرێن، ھەروەھا ناوی دەبرێت. لە ماددەی چواری دەستووری عێراقدا دەستەواژەی لە دەزگا فیدڕاڵی و رەسمیەکان و ئاژانسەکانی ھەرێمی کوردستان ھەردوو زمان بەکار دێنێ" بەکارھاتووە.
دەربارەی قسەکانی مستەفا کەمال ئەتاتورک لە پەرلەمانی تورکیا ئەردۆغان دەڵێ: "لە پەرلەمان رەشنووسێک بە واژۆی مستەفا کەمال و ھەموو وەزیرەکان ھەیە. ئەو رەشنووسە مایەی سەرسوڕمانەباسی ناوی کوردستان دەکات". لە درێژەی قسەکانیدا ئەردۆغان دەڵێ: "تەنیا باسی کوردستان، لازستان و ئەوانەی تر ناکات، بەڵکو بە باشوور و باشووری رۆژھەڵاتیش دەڵێ کوردستان، بە رۆژھەڵاتی قەرەدەنیزیش دەڵێ لازستان. لەو رەشنووسانە یەکە بەیەکەیان دەژمێرێت. من لە قسەکانی دیاربەکردا ھەموو ئەوانەم وەکو ھەیە بەکارھێناوە. ئایا مستەفا کەمال ئەتاتورک کە ئەو دەستەواژانەی بەکارھێناوە جوداخواز بووە؟ باشە ئەوانە چ لە قسەکانی موستەفا کەمال دەگەن، چۆن پێناسەی دەکەن، چۆن دەیخوێنەوە؟ ئەوانە لە مێژووی ئێمەدا راستین. ئەگەر مەسەلەکە دەگەڕێنەوە بۆ مێژووی عوسمانییەکانیش، ئەوە لەوێ بە راشکاوانەتر ئەو راستیانە دەبینین."
دەربارەی پرسیاری دوای ئەوەی دەستەواژەی کوردستانتان بەکارھێنا، عوسمان بایدەمیر سەرۆکی شارەوانی گەورەی دیاربەکر دەستەواژەی "کوردستانی تورکیا "ی بەکارھێنا؟ ئەردۆغان دەڵێ:"ئێمە ئەوە پەسەند ناکەین. شتێکی لەمجۆرە مومکین نییە".
ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا ھەر لەوبارەیەوە گوتی: "شتێکی بەم شێوەیە لەلای من نەگوتراوە، بەلای منەوە بەکارھێنانی ئەو دەستەواژەیە لەلایەن سەرۆک شارەوانی دیاربەکر ئەتیک نییە. ئەمە جگە لە وروژاندنی ھەندێک شوێن ھیچ سوودێکی تری نییە. ئێستا ناوی کۆماری تورکیا دیارە، جگە لەمە لەسەر ئەو ناوە دروستکردنی شیمانە بێ واتایە. باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵو ناوچەکەی ئەوە، ناوی بەم شێوەیە دەبرێت. ئەگەر ھەندێکی تر لەو ناوچەیە بەرەو باکور ھەڵکشێین ناوی دەبێتە رۆژھەڵاتی ئانادۆڵو. ئەو شتانە لەناو کۆمەڵگا دەبنە مایەی نیگەرانی."
سیاسەت، بازرگانی و ژیان ھەموویان ریسکن
ئەردۆغان دەربارەی مەسەلەی ئەو ١٠١ زیندانیانەی نەخۆشن و سەر بە KCK ن، ئەگەر لەلایەن سەرکۆمار یان بە رێگای یاساوە ئازاد بکرێن، پڕۆسەی چارەسەری خێراتر ناکات؟ دەڵێ :"لەمبارەیەوە سەرکۆمار دەسەڵاتی ھەیە".
دەربارەی پرسیاری ئەوەی، لە بەردەممان پڕۆسەیەکی ھەستیار ھەیە. ھەڵبژاردنی شارەوانی دەکرێت، دوای ئەو ھەڵبژاردنی سەرکۆمار و پەرلەمان ھەیە. وێنەکەی رۆژی شەممە لە دیاربەکر بۆ دەنگدەری رۆژئاوا مایەی سەرسامی بوو، ئێوە لە رۆژئاوا دەنگدەرێکی زۆرتان ھەیە بەتایبەتیش لە ئانادۆڵوی ناوین. جگە لەوە لە دیاربەکر چەند کەشتیەکتان سووتاند. ئایا لەوە ناترسن؟
دەڵێ:"ھەموو کاتێک دەڵێم، سیاسەت، بازرگانی و ژیان سەرکێشین. پێویستیان بە بوێرییە. ئەگەر ئەو سەرکێشییە لە بەرچاو نەگرن، نە دەتوانن سیاسەت بکەن، نە بازرگانی و نە ژیانیش واتایەکی دەبێت. ئێمە لەکاتی گرتنەبەری ئەو ھەنگاوانە راوێژ دەکەین. پرسیار دەکەین، ئایا ئەو ھەنگاوانەی ھیچ لایەنێکی ھەیە کە لە دەرەوەی مرۆڤایەتی بێ؟ ئایا پێچەوانەی یاسایە؟ ھەروەھا ئەگەر ئەو رۆژە ١٠٠ ھەزار کەس ھاتۆتە ئەو مەیدانە کەواتە لەو بارەیەوە برسیبوون ھەیە. پێویستە ئەو برسیەتییە نەھێڵین. دیسان ئەو تەلەفۆنانەی لەمبارەیەوە لە رۆژئاوا تا ناوەڕاستی ئانادۆڵو بۆمان ھاتوون دەڵێن: "ئاشتیتان بەرقەرار کرد. رۆژئاوا، باکور و باشووری ئەو میللەتەتان بەیەک گەیاند." کەواتە ئێمە کەوتووینەتە ناو پڕۆسەیەکی بەم شێوەیە و میللەتیش لێمان تێدەگات. بەڵام ئەگەر لە سەرۆکی گشتی پارتەکان و جێگرەکانیان بپرسی دەڵێن "خائینە"، بەڵام بە وشەی خائینی ئەوان ئێمە نابینە خائین.
ئەردۆغان دەڵێ کاتێک سەیری ھەموو ئەمانە دەکەین راستیەکمان بۆ روون دەبێتەوە. "من ھەموو کاتێک دەڵێم. پارتی گەورەی ئۆپۆزسیۆن و دووەمینی پارتی گەورەی ئۆپۆزسیۆن بۆچی ناچنە باشووری رۆژھەڵات و رۆژھەڵات سیاسەت بکەن؟ چونکە لەوێ جگە لە بەناو پارتیبوون ھیچ تایبەتمەندیەکی تریان نییە. ئەگەر ئەوان دەڵێن ئێمە بەرگری لە دیموکراسی دەکەین، ئەوا لەمەودوا تەنیا لە کەنارەکانی دەریا دەمێننەوە. تەنیا لەوێ دەتوانن سیاسەت بکەن. ئێمە ئەو ھەنگاوانە بەیەکەوە لەگەڵ ٨١ شاری وڵاتەکەمان، لەگەڵ ھەموو رێکخراوەکانمان دەنێین و خەڵکی دەگەیەنینە یەکتر. لە رابردوو سەردانی وان و ماردینم کرد. چوومە دیاربەکر و ئەو ھەفتەیەش دەچمە تەڕابزۆن. بەردەوام دەگەڕێین. لەگەڵ خەڵکی دەگەینە یەکتر."
گفتوگۆی لێبوردنی گشتی
دەربارەی پرسیاری ئێوە باسی لێبوردنی گشتیتان نەکرد. بەڵام دوای ئەوەی بارزانی گەڕایەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە ھەموو شتێک لەسەر رێگای راستە و لێبوردن بۆ ئۆجەلان دەدرێت. لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟ ئەردۆغان دەڵێ: "ئەگەر بەڕێز بارزانی ئەوەی گوتبێ، ھەڵەی کردووە. لە نێوان خۆمان باسی شتێکی لەم شێوەیە نەکرا. جگە لەوەیش قسەکردن لەوبارەیەوە پەیوەندی بە بارزانیەوە نییە، پەیوەندی بە ئێمەشەوە نییە. دادگا لەوبارەیەوە حوکمی خۆی داوە. ئێستا ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت".
کاتێک دەڵێن میللەت ئایا تەنیا تورک دەگەینێ؟
دەربارەی ئەوەی مەھەپە زۆر بە زمانێکی توند رەخنەی لە سەردانەکەی دیاربەکر گرت و بەدەپە ئەوەی وەکو کەمپینی ھەڵبژاردن وەسف کرد، بەتایبەتی لەگەڵ ھاتنی شڤان پەروەر بانگەشەی کورد دابەشبوون دەستی پێکرد. ئەردۆغان دەڵێ: "ئەوانەی دەڵێن کورد لێک جیادەبنەوە، ھەر چۆنێک بێ لەبەر ئەوەی تابڵۆیەکی تریان بینی ئەو قسەیە دەکەن. من لە دیاربەکر و شوێنەکانی تر گوتم: یەک میللەت، یەک ئاڵا، یەک نیشتمان و یەک دەوڵەت. ئەو چوار مانشێتە چۆن لەھەموو شوێنێک بەکاردێنم لەوێش بەکارم ھێنا. چی لە دەستەواژەی میللەت تێدەگەن؟ لەناو دەستەواژەی میللەت، تورک، کورد و ئەبھازی ھەیە. واتە چ ئەتنیکێک ھەیە لەناو دەستەواژەی میللەت جێگای دەبێتەوە. ئاگاتان لێیە کاری نووسینەوەی دەستووریش راگیرا. لەسەر دەستەواژەی میللەت رێک ناکەون. دەڵێن کۆمەڵانی تورکیا یان خەڵکی تورکیا. گەورەکردنی یان لێکجیاکردنەوەی ئەو کارە تا ئەو ئاستە ھیچ واتایەکی نییە."
دەخوازین بەیەکەوە تورکیا بنیات بنێینەوە
ئەردۆغان دەڵێ: "بە ھەموو پارتە سیاسیەکان دەڵێم، دەخوازین بەیەکەوە تورکیا بنیات بنێینەوە"،"لەوێ لەگەڵ بەڕێز بارزانی، شڤان پەروەر و ئیبراھیم تاتڵیسەس بەیەکەوە پەیامی چیمان دا؟ بەیەکەوە بین، لەگەڵ یەکتر بین. بەیەکەوە بین لە تورکیا. ئەو پەیامەمان دا. ئەوانیش ھەمان شتیان دووپات کردەوە. کاتێک ھەمان شت دەڵێن جیاوازی لە کوێیە؟ لەبەرئەوەی ئەوان نەیانکرد کاتێک ئاک پارتی دەیکات نیگەران دەبن. لەبەرئەوەی دەسەڵاتی ئاک پارتی ئەو ھەنگاوەی نا نیگەران دەبن. ئێمە بەو ھەنگاوە ناوەستین. درێژە بەو ھەنگاوە دەدەین. ئەوە ئەرکی ئێمەیە. ئێمە لە پێگەی بەرپرسیاریەتیداین. پێگەی ئەوان پێگەی بەرپرسیاریەتی نییە. لەلایەکی تر دەڵێن ئەو کارە بەھۆی نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردنە. ھێشتا پێنج مانگ بۆ ھەڵبژاردن ماوە. کەمپینی ھەڵبژاردن ھێشتا دەستپێنەکراوە. کاندیدەکان دیاری دەکرێن. باشە بۆچی بەڕێز بارزانی ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت و بێتە ئێرە. بارزانیش و منیش سەردانی شارەوانیمان کرد. ئایا ئەمە جوانتر نەبوو؟ واتادارتر نەبوو؟ بە پێچەوانەوە لەبەرئەوەی ئەوان لەوبارەیەوە سەرکەوتوو نەبوون و دەسەڵات سەرکەوتووبوو نیگەران دەبن. پێویستە ئەوانە تێبپەڕێنین. ئێمە دەوڵەتێکی گەورەین. باوەڕ بەخۆ دەکەین. ئەو وڵاتە گەورە دەبێ و پێش دەکەوێت. بەیەکەوە تورکیا بنیات دەنێینەوە. جگە لەوە ھیچ رێگایەکی ترمان نییە."
پەیوەندی تورکیا – عێراق
ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارەکانی، ئایا پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە چ قۆناغێکدایە؟ لەو کاتەی ئێمە خۆمان نزیکی باکوری عێراق دەکەین، ھەموو کاتێک لەگەڵ بەغدا دەبێتە مایەی ئاڵۆزی، بە پێچەوانەشەوە کاتێک خۆمان نزیکی بەغدا دەکەینەوە لە باکوری عێراق ئاڵۆزی دروست دەبێ. بەڵام ئەمجارەیان وەکو ئەوە وایە لەگەڵ ھەردوولا نزیک دەبینەوە.ئایا کاتێک سەردانی بەغدا دەکەیت لەوانەیە بارزانی لەگەڵ خۆت ببەی؟ ئایا شتێکی لەم شێوەیە رێی تێدەچێ؟ دەڵێ: "وەکو ئێوەش ئاماژەتان پێکرد، ئێمە ھەست بەوە دەکەین ناکۆکیەکانی نێوان باکوری عێراق و حکومەتی ناوەندی لە دواڕۆژدا دەگاتە چ ئاستێک. ئەگەر ئاگاتان لێ بێ ئەوانیش لە ھەوڵی رەواندنەوەی ناکۆکیەکانی نێوانیاندان. سەردانی سەرۆک وەزیر بۆ باکوری عێراق دوای چەند ساڵێک واتای ھەبوو. دواتریش ئەوانیش وەکو وەڵامی سەردانی ئێمە سەردانی تورکیایان کرد. ئێستا داخوازی سەردانی بەڕێز مالیکی بۆ تورکیا لە رێگای بەڕێز نوجەیفیم بەدەست گەیشتووە. خۆشحاڵین بەوە، ناکرێ بۆ شتێکی لەم شێوەیە بڵێین نەخێر. جگە لەوە تورکیا پێویستی بە عێراقە و عێراقیش پێویستی بە تورکیایە."
دەربارەی پڕۆسەی چارەسەریش ئەردۆغان دەڵێ: "دەتوانم لەوبارەیەوە بڵێم: بەراستی ئاستەنگی ھەبوو. ئەو ئاستەنگەمان تێپەڕاند. ئەگەر پرسیاری ئەوە دەکەن چۆن ئەوەتان تێپەڕاند، دەزانن بەر لەوە پاکێجی دەستووری ٢٦ ماددەیی ھەبوو. پڕۆسەیەک ھەبوو لەگەڵ ئەو دەستی پێکرد. دیسان چەند ھەنگاوێک ھەیە کە لەگەڵ پاکێجی دیموکراتیبوون گرتمانەبەر، ئێستاش ھەنگاوە یاساییەکان ھەن. ئێستا ئامادەکاری ھەموارکردنەوەی یاساکان تەواو بووە. پێموایە دەچێتە بەردەم پەرلەمان و بە پشتگیری ئەمە و میللەت ئەو پڕۆسەیە خێراتر دەبێت."
دەربارەی رێژەی کشانەوەی پەکەکە بۆ دەرەوەی وڵات ئەردۆغان دەڵێ: "گەیشتۆتە نزیکەی ٢٠%. بەداخەوە لەدوای ئەو رێژەیە ئەوان سنووریان دانا. ھیوادارم بە شێوەیەکی راستگۆیانە درێژە بەو پڕۆسەیە بدەن."
دەربارەی ئەنجامەکانی گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلانیش ئەردۆغان گوتی: "لای ھەمووان ئاشکرایە، ھاوڕێکانمان، یەکە ھەواڵگریەکانمان، ئەرکی خۆیان لەوبارەیەوە جێبەجێ دەکەن، ھەندێ پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆنیش دەخوازن بچنە ئیمڕالی، لەمبارەیەوە وەزیری داد مەسەلەکە ھەڵدەسەنگێنێ. ئەو ناوانەی گونجاون رێگایان پێدەدرێت تا ناوبەناو بچن سەردانی ئەو شوێنە بکەن. بەم شێوەیە ھیوادارین رێژەی پشتگیری ئەو پڕۆسەیە زیاتر بێ. بەڵام نازانم ئۆپۆزسیۆن ئەمە پەسەند دەکات یان نا."
ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێکیش دەربارەی پەیەدە دەڵێ: "بارزانی دەربارەی پەیەدە ھەڵوێستێکی توندی پیشاندا، ئەو ھەڵوێستەش ھاوتەریب بوو لەگەڵ ھەڵوێستی ئێمە. دوای ئەو لێدوانە بەتایبەتی لە باکوری سوریا رووداوی نەرێنی ھاتنە ئاراوە، ئەوان تا ئێستا دەخوازن خۆیان کۆبکەنەوە، بەڵام بۆیان ناکرێت. چونکە ئەوان ئێستا بەتەواوەتی لە بەڕێوەبەرایەتی بارزانی دابڕاون. ئێمە جارێک ئەو مەسەلەیەمان لەگەڵ ئەوان تاوتوێ کرد، چونکە ناکرێ ئێمە بۆ دروستبوونی پێکھاتەیەکی بەم شێوەیە لە باکوری سوریا بڵێین "بەڵێ ". ئەوە رووداوێکی جیاوازە. لەسەر ئەوە قسەمان کردووە و دەیکەین. لەوبارەیەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق بەیەکەوە کاردەکەین و سوورین لەسەر چارەسەرکردنی ئەو مەسەلەیە."
news_share_descriptionsubscription_contact

