ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی خۆی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "سەبارەت بە ئیمراڵی تەنیا حکومەت بۆی ھەیە بڕیار بدات کێ دەتوانێ سەردانی ئیمراڵی بکات و کێ ناتوانێ سەردانی بکات، حکومەت پێی خۆش بێ مۆڵەت بە شاند دەدا سەردان بکات و پێی خۆش نەبێ مۆڵەت نادا."
ئەردۆغان گوتی: "لە ژێر ھیچ ھەلومەرجێکدا کەس بۆی نییە نەخشەڕێگا بۆ حکومەت یا بۆ وەزارەتی داد دابنێ، بۆیە پێویستە ھەر کەس قەبارەی و سنوری خۆی بزانێ، ئەگەر ھەر کەس سنور و قەبارەی خۆی بزانێ ئەوا دەتوانێ لە یاساکان سوودمەند بی."َ
لەبارەی ئازادکردنی فرۆکەوانە رفێنراوەکانی تورکیاشەوە ئەردۆغان گوتی: "لە رۆژانی پشووی جەژنی قورباندا ھەمووی تورکیا لە رووداوێکی زۆر خۆشدا بوون، دوو فرۆکەوانی تورک دوای ٧٢ رۆژ دیل گرتنیان لە لایەن گروپێکی چەکدارەوە، ئازاد کران و گەڕانەوە نێو کەسوکاری خۆیان و بۆ ئەو مەبەستە ئێمە ھەوڵی زۆرمان دا".
ئەردۆغان رایگەیاند: "چەندە لە ناوخۆی تورکیا ھەوڵ بۆ ئاستەنگ خستنە بەردەم گەورەبوونی تورکیا و بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئارامی لە تورکیا دەدرێ، لە دەرەوەیش ھەر ئەوەندە ھەوڵ دەدرێ و ئەو شۆربا ژەھراوییانە لە دەرەوە بۆ تورکیا ئامادە دەکرێن، لە ناوخۆی تورکیادا دابەش دەکرن."
زیاتر گوتی: "پێویستە لێرە زۆر بە راشکاوانە بڵێم، چەند کەسێک ھەڵدەستن و دەڵێن دەبێ ئەو کەسە یا ئەو شاندە سەردانی ئیمراڵی بکا، یا ئەو کەسە سەردانی ئیمراڵی نەکا، دەبێ ھەموو کەس بزانێ لەو بوارەدا تەنیا و تەنیا حکومەتی تورکیا بۆی ھەیە بڕیار بدات. حکومەت بیەوێ شاند بەرەو ئیمراڵی بەرێ دەکات و نەیەوێ بەڕێی ناکات. کەس ئەو دەسەڵاتەی نییە ھیچ جۆرە نەخشەرێگایەک بۆ حکومەت و وەزارەتی داد دابنێ،
بۆیە دەبێ ھەر کەس قەبارە و حەدی خۆی بزانێ، ئەوەی کە قەبارە و حەدی خۆی بزانێ دەتوانێ لە چوارچێوەی یاساکاندا سوودمەند ببێ. ھەر چۆنە دەزانین مافی ئەوەمان نییە دەستوەردانی لە کاروباری ھیچ وڵاتێک بکەین، ھەر بەوجۆرەیش دەزانین لە ناوخۆی تورکیادا دەسەڵات و بەرپرسیاریەتییەکانمان چین."
لەبارەی رەوشی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە ئەردۆغان رایگەیاند: "حەساسیەتەکانی ناوچەکە لە بەرچاون و تورکیا بڕیاری نیە زیانن بە ھیچ وڵاتێک بگەیەنێ و بە ھیچ شێوەیەکیش ھەوڵی نەداوە لەو زەرەر و زیانانەی رووبەرووی گەلانی ناوچەکە یا خەڵکی وڵاتێک دەبنەوە سوودمەند ببێت."
ئەردۆغان گوتی: "ماوەی ١١ ساڵە چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چە لەسەر ئاستی دەرەوە تەنیا و تەنیا پارێزگاریمان لە حەق و حەقیقەت کردووە و ئەمڕۆیش ھەر پارێزگاری لە حەق و حەقیقەت دەکەین."
لەبارەی گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە ماوەی سەربازی لە تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "لە کاتی ئامادەکردنی رەشنووسی ئەو گۆڕانکارییانەدا بیروڕای لایەنە پەیوەندیدارەکان وەرگیراوە و بۆ کەمکردنەوەی ماوەی سەربازیش لەگەڵ سوپا و بەرپرسانی سوپا گفتوگۆ کراوە. بڕیاری کۆتایی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەدرێ. بۆ جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکانی دیکەیش ھەر بەوجۆرە ھەڵسوکەوت دەکرێ، سەرەتا بیروڕای لایەنی پەیوەندیدار وەردەگیرێ و دواتر ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی لە سەر گۆڕانکارییەکان دەدا. لەکاتی جێبەجێکردنی ئەو ھەنگاوانەدا حەساسیەتەکانی دامودەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان رەچاو دەکرێ."
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە بەرپرسی ئیستیخباراتی تورکیا بڵاو دەکرێنەوە ئەردۆغان گوتی: "ماوەیەکە چەند کەس و لایەنێک خۆیان بە بەرپرسی ئیستیخباراتی تورکیاوە سەرقاڵ کردووە، کێن ئەوانەی ئەو کارە دەکەن؟ ئاگادار بن ئەو شتانە زۆر گرنگن. ھەم لە ناوخۆی تورکیا و ھەم لە دەرەوەی تورکیا چەند کەس و لایەنێک ھەن کە خۆیان سەرقاڵی بەرپرسی میت کردووە، بەرپرسی میت بیرۆکرات و کارمەندێکی حکومەتە و حکومەت لێ رازییە، بۆیە با ھەر کەس بزانێ کە حکومەت بە ھیچ شێوەیەک پشتی بەرپرسی میت لە زەوی نادا. ئەگەر سکاڵایەک ھەبێ ئەوا ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێ و ئەوەی پێویست بێ ئەنجام دەدرێ."
زۆر کەس خۆیان بە سوپای تورکیاشەوە سەرقاڵ کرد و دەیانگوت سوپاسالار ئاگای لە بەرپرسانی سوپا نییە. ئێوە چۆن دەزانن سوپاسالار کاروباری خۆی جێبەجێ ناکات؟ من دەزانم ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکا یا نا. لەگەڵ سوپاسالار ھەفتەی جارێ کۆ دەبمەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ بابەت و بارودۆخەکان دەکەین و ئەگەر پێویستی بە جێبەجێکردنی ھەنگاوێکیش ھەبێ، ئەوا پێکەوە بڕیاری لە سەر دەدەین".
لەبارەی پرۆسەی دەستنیشانکردنی پاڵێوراوانی ھەڵبژاردنی شارەوانیش رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "ئەو پرۆسەیە بەوپەڕی جدییەت درێژەی ھەیە و بڕیارە لە رۆژانی ٢٦ تا ٢٧ی مانگ پرۆسەی ویست و داواکاری دەست پێ بکات و ١٦ شاندی جیاجیا سەردانی ١٦ شاری گەورە بکەن و ئەو پرۆسەیە بەڕێوە ببەن."
ئەردۆغان گوتی: "لە چوارچێوەی پرۆسەی پرسینی ویست و داواکاری خەڵک و پاڵێوراوەکان، پرس بە رێکخستنەکانی پارتەکەمان لە شارە جیاجیاکان دەکەین، ١٦ پەرلەمانتاری ١٦ پارێزگامان ئەندامن و ئەوانیش لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی پرسینی ویست و داواکارییەکان دەتوانن دەنگی خۆیان بەکار بھێنن. لە ٩ی مانگی داھاتوو دەست بە پرۆسەی پرسینی ویست و داواکارییەکانی ١٤ شاری گەورە و ناوچەکانی دەوروبەریانی دەکرێ، لە رۆژانی ١٦ تا ١٧ ئەو پرۆسەیە لە ٥١ پارێزگادا بەڕێوە دەچێ و بەوجۆرە پرۆسەی پرسینی ویست و داواکارییەکان لە ٨١ پارێزگا بە کۆتا دەبێ."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی خۆیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی راپۆرتی کۆمیتەی یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بە تورکیا کرد و گوتی: "زۆر بە ھەستیاری و وردبینییەوە ئەو راپۆرتەم خوێندەوە و لەگەڵ ھاوکارانم رەخنە و تێبینییەکانمان وەرگرتووە، ئەو راپۆرتە لە چەند بوارێکدا بە ھۆی پێدانی زانیاری ھەڵە کەماسی تێدایە و ھەر چەند شتی ھەڵەیشی تێدا بێ بەڵام بەگشتی راپۆرتێکە کە دانی بە رێفۆرم و گۆڕانکارییەکانی تورکیادا ناوە و بە ھەنگاوی ئەرێنی لە قەڵەمی داون."
ئەردۆغان زیاتر گوتی: "بێگۆمان ئەو راپۆرتە بۆ ئێمە کارنامە نییە، تەنیا لایەنێک کە دەتوانێ کارنامەی ئێمە بداتە دەستمان خەڵکی تورکیا خۆیەتی، ئێمە چاوەڕوانی کارنامە لە ھیچ کەسێکی دیکەی ناکەین بەڵام دەمانەویست لەو راپۆرتەدا ھەست بە لێنەبڕاویی ئەوروپا لە گفتوگۆکانی ئەندامبوونی تورکیا لەو یەکێتییە بکەین. ئامادەکردنی راپۆرتێک لەلایەن کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپایەوە سەبارەت بە بارودۆخی میسر و سوریا زۆر پێویستە و دەبوایە ئەو کۆمیسۆنە لە سەر کار و چالاکییەکانی یەکێتی ئەوروپا، وڵاتانی ئەندامی ئەو یەکێتییە و ئەوانەی کە دەیانەوێ ببنە ئەندام راپۆرتێکی ئامادە بکردایە. ئایا تەنیا کاری ئەوروپا ئامادەکردنی راپۆرتی پێشکەوتنی تورکیایە و بێجگە لەوە ھیچ ئەرک و کارێکیتری نییە؟ زۆر سەرم سوڕماوە کە بۆچی ئەو یەکێتییە نایەوێ ئەرک و کارەکانی خۆی بخاتە نێو بەرنامەی کاری خۆیەوە. لە ناوچەیەکدا کە ئەوەندە گۆڕانکاری گرنگی تێدا دەکرێ ئێوە ناتوانن لە بەرامبەر رەوشی سوریا بێدەنگی بنوێنن."
ئەردۆغان گوتی: "سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر قەیرانی سوریا و کوشتنی زیاتر لە ١١٠ ھەزار کەس ئەوروپا تا ئێستە ھیچ جۆرە ھەڵوێستێکی نەنواندووە، ھێشتا ناوێری کودەتای میسر کە بووە ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی ئەو حکومەتەی کە بە دەنگی خەڵک دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتبوو، وەکو کودەتا ناوببا. بۆیە یەکێتی ئەوروپا کە بۆ رەخنەگرتن لەو وڵاتانەی کە دەیانەوێ ببنە ئەندام زۆر ئازا و بوێرە دەبێ تۆزێک بە خۆیدا بچێتەوە و ھەڵوێستەکانی خۆی رەچاو بکات. ئێمە وەکو تورکیا سەرەڕای ھەموو ئاستەنگی و کێشە جوراوجۆرەکان درێژە بە گۆڕانکاری و رێفۆرمەکانی خۆمان دەدەین.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆتایی گوتەکانیدا رایگەیاند دەمەوێ لە بواری ئابووریدا ھەواڵێکی خۆشتان پێ رابگەیەنم و گوتی: "ساڵی ٢٠٠٢ داھاتی تورکیا لە گەشتوگوزار ٨.٥ میلیار دۆلار و ژمارەی ئەو گەشتیارانە سەردانی تورکیایان کردووە ١٣ ملیۆن کەس بوو، لە ساڵی ٢٠١٢ داھاتی گەشتوگوزاری تورکیا بۆ ٢٦ ملیار دۆلار و رێژەی گەشتیارانیش بۆ ٣٢ ملیۆن گەشتیار بەرز بوویەوە و لە ھەشت مانگی سەرەتایی ٢٠١٣دا تورکیا توانی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو پێشکەوتنێکی یەکجار گەورە بە دەست بھێنێ و داھاتی تورکیا لەو ھەشت مانگەدا ١٩ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
news_share_descriptionsubscription_contact

