دیاربەکر
ئێستا لە نەخۆشخانەی فێرکاریی دیاربەکر و لە پێشکەوتنێکی نوێدا دەتوانرێت لە ڕێگەی ERCP ەوە چارەسەری نەخۆشیەکانی بۆریی زراو بکرێت .
لە رێی ئەو سیستەمەوە کە بە ERCP ناسراوە، دەتوانرێت نەخۆشیەکانی بۆریی زراو و پەنکریاس دەستنیشانی بکرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. ھاوکات بەردی ناو جگەر و کیسەی زراو و گیرانی بۆریەکان بەھۆی کیسەوە، لەڕێی ئەو سیستەمەوە چارەسەر دەکرێ.
دکتۆر محەمەد گیوزەل کورتۆغڵو سکرتێری گشتیی یەکێتی نەخۆشخانە گشتیەکان لە دیاربەکر رایگەیاند، نەخۆشخانەی فێرکاریی دیاربەکر دووەم نەخۆشخانەی ناوچەکەیە کە ئەو چارەسەرە بەکاردێنێت.
ئاشکراشی کرد، لە ماوەی ١٠ خولەک بۆ یەک کاتژمێردا دەتوانرێت نەخۆشیەکانی بەرد لەسەر ڕێرەو و بۆری جگەر و پەنکریاس و زراودا دیاری بکرێن و دواتر بەھۆی سیستەمی ERCP ەوە چارەسەر بکرێن، بەمەش لە ماوەیەکی زۆر کورتدا نەخۆشەکە دەتوانێت بچێتەوە ماڵەوە، کە پێشتر زۆرجار ئەو نەخۆشییانە مەترسییان بۆ سەر گیانی نەخۆش دروست دەکرد.