ئەنقەرە
رەجەب تەیب ئەردۆغان دسەرۆکوەزیرانی تورکیا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری قرقیزستان ئالمازبەک ئاتامبایڤ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
سەبارەت بە لێدوانەکانی بەشیر ئاتالای کە گوتبووی "بۆ بەرەوپێشبردنی قۆناغی چارەسەری، پێویستمان بە نەخشەرێگایەکی نوێ ھەیە" رۆژنامەوانان لە ئەردۆغانیان پرسی مەبەست لە نەخشەرێگای نوێ چییە ئایا ئەو نەخشەرێگایە پرسی گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکەیە؟ لە وەڵامدا ئەردۆغان گوتی: "پرسی گەڕانەوە یا گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، ھەر لە سەرەتاوە بەشێکبوو لە پڕۆژەی یەکێتیی نەتەوەیی و قۆناغی چارەسەری. یەکێ لە مەبەستە گرنگەکانی پڕۆژەی یەکێتی نەتەوەیی و برایەتی، گەڕاندنەوەیە بۆ ماڵەوە، بەڵام جارجار لە بواری گەیشتن بەو ئامانجەدا تووشی گرفت هاتووین و ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئادار و یەکی حوەزیرانیش لە کەشوھەوایەکدا ئەنجامدران کە بەرھەمی ساڵ و نیوێکی قۆناغی چارەسەری بوو."
ئەردۆغان گوتی: "خوازیارم ئەو هەلومەرجە ئارامەی لە سای قۆناغی چارەسەری پێشھاتووە بەرەو پێشەوە بڕوات و تورکیا بگاتە ئاشتی، ئارامی و تەبایی یەکجارەکی، ئەوانەی دەڵێن لە تورکیا ئازادی نییە یا ئەوانەی دەڵێن کەش و ھەوای ئاشتی بەو جۆرە کە دەخوازرێ نییە، بە داخەوە ھەر ئەوانەن کە ھەوڵ بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی دەدەن. ئەوانەی منداڵی دایکان بە بیانووی سەیران دەبەنە سەر چیا، ناتوانن باسی ئاشتی بکەن و ناتوانن بڵێن ئێمە شەڕ بۆ ئاشتی و ئازادی دەکەین. ئەوانەی بە مۆلۆتۆف پاسی خەڵک دەسوتێنن ناتوانن لە تورکیا ببنە باڵێوزی ئاشتی، ئەم راستییانە لە بەر چاوی ھەموو کەسێکدایە. سەرەڕای ئاشکرا بوونی ئەو راستییانەیش. کەچی زۆر بە ئەسپایی دەڵێن ئێمە پشتگیری لە ئاشتی دەکەین و داوای ئازادی دەکەین. راستی هەر ئەوەیە ئێمە تاقە پاسەوانی ماف و ئازادییەکانین لە تورکیا، تورکیا وڵاتێکە کە سیستمی دیموکراتی و پەرلەمانی قبوڵکردووە، ئەگەر بە دڵمان نییە ئەوا دەتوانین لەسەر سندوقی دەنگدان گۆڕانکاریی بکەین."
پرسیار لە ئەردۆغانکرا ئایا بێجگە لە دیداری شاندی ھەدەپە و میت، روخسەت بە شاند یا کەسانی دیکە دەدرێ لە ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجالان دیدار ساز بکەن؟ ئەردۆغان گوتی: "ئەمە تەنیا خەیاڵ پڵاوییە، دیدارێکی بەو جۆرە تائێستا باسی نەکراوە، حاڵی حازر تەنیا شاندی ھەدەپە و میت ئەویش بە رەزامەندی دەوڵەت، لەگەڵ ئۆجالان دیدار ئەنجام دەدەن. جارجاریش رێگە بە رێکخراو یا نوێنەری رێکخراوە جیھانییەکان دراوە کە سەردانی ئیمراڵی بکەن. بێجگە لەمانە روخسەت بە ھیچ شاندێکی سیاسی نەدراوە سەردانی ئیمراڵی بکا، نەک تەنیا شاندی سیاسی بەڵکو مۆڵەت بە شاندی راگەیاندنکاران و نوێنەری رێکخراوە مەدەنییەکانیش نەدراوە. ئایا لە داھاتوو شتێکی وا دەبێ یانا ئەوا ھەلومەرجی داھاتوو دیاری دەکا."
ھاوسەرۆکی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش سەبارەت بەو منداڵانەی کە کەسوکاریان دەڵێن پەکەکە رفاندوونی، گوتبووی "ئەو دایکانەی وا دەڵێن منداڵەکانیان لە لایەن پەکەکەوە رفێنراون، بەشێک لە منداڵەکانیان لەنێو پەکەکەدان نین و لە شوێنێکی دیکەن. بەشێکیش لەو دایکانە لە لایەن میتەوە پارەیان پێدراوە تا چالاکی بەو جۆرە ئەنجام بدەن" ئەردۆغان گوتی: "ئەو کەسانەی قسەی وا دەکەن باسی راستییەکان ناکەن، ئەوانە راست و دروست نین زۆر بە ئاسانی دەتوانن درۆ بکەن. ئەو دایک و باوکانەی منداڵەکانیان رفێنراون چەندین رۆژە لەوێ دانیشتوون و ھاوار دەکەن و داوای گەڕانەوەی منداڵەکانیان دەکەن، من بە تەلەفۆن لەگەڵ بەشێکیان قسەمکردووە ئەوان ھەمیشە دەگرین. ئەگەر دەتوانن بیسەلمێنن کە ئەو منداڵانە لە چیا نین بیاندۆزنەوە و بیانگەڕێننەوە بۆ ماڵباتەکانیان. ئەو قسانە راست نین کە میت بە پارە بەشێک لە دایک و باوکانی هانداوە تا وا بکەن."