ئەنتاڵیا
فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی پورتەقاڵ ئاڵتون کە لەلایەن وەقفی ھونەر و کلتووری ئەنتاڵیا، بەھاوکاری شارەوانی ئەنتاڵیا ھەموو ساڵێک سازدەکرێ، لەیادی ٥٠ ساڵەیدا دەرگاکانی کردەوە.
دوێنێ شەممە ٥/١٠/٢٠١٣ لە مەڕاسیمێکی تایبەت ھونەرمەندان لە ھۆڵی جام پریامیت شەریتی کردنەوەی فیستیڤاڵەکەیان بڕی.
پێشکەشکار مەتە ھۆرۆزئۆغڵو، چەند کۆپڵەیەکی فلیمەکانی ھونەرمەند، تونجەل کورتیز کە پێش چەند رۆژێک کۆچی دوایی کرد نمایش کرد، ئەمەش ھەستی بەشداربووانی جوڵاند. لەدوای ئەمەش دۆسیەی ٥٠ ساڵەی فیستیڤاڵی پورتەقاڵ ئاڵتون کە سیناریۆیەکەی لەلایەن نەبیل ئۆزگەنتورک نوسراوە پەخشکرا.
لەو فیستیڤاڵە وەستاکانی سینەما خەڵاتکران:
ھونەرمەند عیزەت گونای خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو، ھەروەھا تورکان شۆڕای خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی وەرگرت. خەڵاتەکەش لەلایەن موستەفا ئاکئایدن سەرۆکی شارەوانی ئەنتاڵیا پێشکەشکرا.
ھەروەھا ھونەرمەندی کۆچکردوو، خالید رەفیگ دەرھێنەری فلیمی (گوربەت کوشلەری) خەڵاتی باشترین دەرھێنەری وەرگرت، گولپەر رەفیگ ھاوسەری ئەو ھونەرمەندە، رایگەیاند کە ھاوسەرەکەی لە سەردەمێک توانای دارایی و تەکنیکی نەبووە فلیمی دەرھێناوە.
خەڵاتی رێزلێنانی تاھەتایش پێشکەشی ھونەرمەند تانژو گورسەن کرا.
ھەروەھا ئەحمەد مەکین یەکێکی ترە، لەو ھونەرمەندە وەستایانەی خەڵاتکراون، لە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە رایگەیاند کە سینەمای تورکی بە قۆناغێکی سەخڵەت و زەحمەت تێپەڕدەبێت.
ھونەرمەند ئشق یەنەرسو، کاتێک ھاتە سەر مینبەر بۆ وەرگرتنی خەڵات لە قسەکانیدا گووتی:" ئەمساڵیش وەکو ٥٠ ساڵی رابردوو بینیمان کە ھەموو ساڵێک لە ئەنتاڵیا ھەموو شونێک سینەمایە، ھەموو شوێنێک خۆڕاگریە".
ھونەرمەند جاھید بەرکای کە بەھۆی مۆزیکەکەیەوە لەھەموویان زیاتر خەڵاتی پورتەقاڵ ئاڵتونی وەرگرتووە، خەڵاتی پارێزگاری ئەنتاڵیای پێدرا.