Abdullah Shukur
29 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2016
ئەنقەرە - AA
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بە سەرۆکایەتی سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆتایی پێھات. کۆبوونەوەکە کە زیاتر لە ٦ کاتژمێری خایاند بێشنیاری کرا باری نائاسایی درێژ بکرێتەوە.
لە دوای کۆبوونەوەکە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ھاتووە:
"بڕیار درا رۆژی ١٥ی تەمووز کە رۆژی ھەوڵی کودتای فەتحوڵڵاچییەکان بوو ھەموو ساڵێک بە 'رۆژی دیموکراسی و ئازادییەکان' بناسرێ".
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە: "بەمەبەستی بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی رێوشوێنی پاراستنی دیموکراسی، بنەماکانی یاسا و ئازادی و مافەکانی ھاووڵاتیان، پێشنیاز کراوە باری نائاسایی درێژ بکرێتەوە".
ھاوکات جەخت لەوە کرایەوە کە "رووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانە لە رووی یاسایی و کارگێڕی بەردەوام بێ کە ماڵ و دارایی گەل لە جیاتی خزمەتکردن بە گەل بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان بەکار دەھێنن و بەو شێوەیە شارەوانییەکان دەکەنە بەشێک لە ھاوکارانی تیرۆریستان".
راگەیەنراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا "جەخت لە پێکھێنانی 'ناوچەی ئارام' و 'ناوچەی دژە فڕین' لە ناوچەکانی ژێر دەستی تیرۆریستان لە نزیک سنووری تورکیا کراوەتەوە".
لە درێژەی راگەیەنراوەکەدا ھاتووە: "تورکیا لەوەتەی دەستپێکی قەیرانی سووریا لە ھەردوو لای سنوورەوە ھاوکاری ستەملێکراوان و مافخوراوانی کردووە و سەرەڕای نەگەیاندنی پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تورکیا لەمبارەیەوە بەردەوام دەبێت".
لە راگەیەنراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا ئاشکرا کرا کە لە کۆبوونەوەکەدا: "پێشھاتەکانی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە بە وردی ھەڵسەنگاندنی بۆ کراوە. بەم پێیەش ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات بەمەبەستی رێگری لە پێکھاتنی رێڕەوی تیرۆریستی لە نزیک سنوورەکانمان دەستپێکراوە. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە پاراستنی ئاسایشی سنوور و گیان و سەروەتی ھاووڵاتیانی ناوچەکەیە. دووەمیشیان پاککردنەوەی ناوچەکەیە لە چەکدارانی تیرۆریستی یەپەگە-پەیەدە و داعش. ھاوکات بەمەبەستی پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتان جەخت لە پشتیوانیکردنی سوپای سووریای ئازاد کراوەتەوە".