دیاربەكر
وەزیری كشتوكاڵی توركیا مەهدی ئەكەر بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، بە هێرشی داعش بۆسەر كۆبانێ، "هەڵمەتێكی رەشكردنەوە" لەبارەی حكومەتەوە لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستیپێكراوە و زانیاری "هەڵە و درۆ" بڵاودەكرێتەوە.
ئەكەر گوتی: "ئەمە بەشێكە لە پلانی داڕێژراو بە مەبەستی كێشانەوەی توركیا بۆ ناو ئاژاوەكان و هەوڵدانە بۆ ئەوەی دیسان ناوی توركیا بە توندوتیژییەكانەوە یاد بكرێ. ئەو قۆناغەی ئارامی كە لە سایەی پڕۆسەی چارەسەرییەوە پێكهێنراوە، ژەهراوی دەكرێتەوە."
وەزیری كشتوكاڵ گوتیشی: "توركیا لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا چی كەوتە سەرشانی جێبەجێی كرد و بەردەوامیشە و هەڵوێستەكەی دژی داعش ئاشكراكرد. بەڵام دەوڵەتی سوریا لە ئارادایە و بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی دەوڵەتە. ئایە داوا دەكرێ وەك وڵات بكەوینە ناو سوریا و شەڕ لەگەڵ ئەو وڵاتە بكەین؟ ئەگەر داوای ئەمەمان لێدەكرێ با بە ئاشكرا بڵێن."
ئاماژەی بەوەشكرد كە وڵاتەكەی هاوكاری 180 هەزار ئاوارەی خەڵكی كۆبانێی كردووە كە بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە هەڵاتوون و روویان لە توركیا كردووە، گوتیشی: "هیچ وڵاتێك بە رادەی توركیا هاوكاری كوردانی نەكردووە، توركیا بۆ نیشتەجێكردنیان لەناو ئارامیدا هەموو بنەمایەكی دانا و خەرجییەكی زۆریشی بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكرد."
هەروەها گوتی: "هەموو لایەنە سیاسییەكان، سەرۆك پارتی و سەرۆك شارەوانییەكان و نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، پێویستە بانگەوازی ئارامی بكەن. چونكە ئەوانەی كە زیان بە دوكان و كارگەكانیان دەگەیەنرێ، پیشەكاری كوردن. روخاندن و سوتاندنی كارگەكانیان ژەهركردنەوەی پڕۆسەی چارەسەرییە. تا ئێستا بە پڕۆسەی چارەسەرییەوە ناوچەكە ئارام و ئاسوودە ببوو، بەڵام هەندێك لایەن پێیان ناخۆشبوو."
وەزیری كشتوكاڵ لە درێژەی قسەكانیدا گوتیشی: "لە كەش و هەوایەكی وادا، داوا دەكرێ بە بیانووی كۆبانێ بە زانیاری درۆ و هەڵە، ئارامی توركیا تێكبدرێ. ئەمە دۆخێكی سەرسوڕهێنەرە، زیان گەیاندن بە باڵەخانە و دەزگا رەسمییەكان ئیان گەیاندنە بە خودی خۆیان. مۆلۆتۆڤ دەخرێتە ناو دەستی لاوی 15 ساڵ و هێرش دەكەنە سەر دوكان و كارگە و بانك و فرۆشگا و ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری كە نەخۆشەكان دەگوازنەوە. ئێمە لە دیاربەكر بووینە شایەتحاڵی بەردبارانكردنی ئەمبۆڵانس."
هەر ئەمڕۆ وەزیری خۆراك و كشتوكاڵ و ئاژەڵداری توركیا مەهدی ئەكەر لەبارەی بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە دیاربەكر رایگەیاند، یەك ملیۆن كەس لەو شارە دەژێ و ئامانجشیان پاراستنی ماڵ و گیانی خەڵكە.
مەهدی ئەكەر و پارێزگاری دیاربەكر حوسێن ئاكسۆی لە دیوانی پارێزگای دیاربەكر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان رێكخست و تیایدا ئەكەر رایگەیاند، لە رووداوەكانی دیاربەكردا 10 كەس كوژراوە و 45ی دیكە برینداربوونە.
ئەكەر رایگەیاند ئەمڕۆ دیاربەكر ئارام بووە و پەیڕەوی یاسای قەدەغەكردنی هاتوچۆ لەو شارەكە كراوە.
جەختی لەوەشكردەوە كە لە ئەنجامی ئەو رووداوانە زیانێكی زۆر بە شوێنی كار و دوكان و شوێنە گشتییەكان گەیەندراوە.
راشیگەیاند كە بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە دیاربەكر بەردەوامە و بەوەش ئامانجیان پاراستنی ماڵ و گیانی خەڵكە.
ئەكەر لەوبارەیەوە گوتی: "دیاربەكر ئێستا ئارامە و لەبارەی بڕیاری بەردەوامبوون یان نەبوونی قەدەغەكردنی هاتوچۆش، هاوڕێیانمان هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەن و هیواخوازم ئارامی بەردەوامبێ و پێویست بەم بڕیارە نەكا، ئامانجمان لەم بڕیارە پاراستنی ماڵ و گیانی یەك ملیۆن كەسە كە لەو شارە دەژی، داوام لە هاوڵاتییان هەیە بە گیانی لێبورەیی و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكان بكەن."
گوتیشی: "پەكەكە بە بەكارهێنانی میدیاكانی هانی خەڵك دەدا بۆ ئەوەی چەك دژ بە حكومەت بەكاربێنێ."