ئەنقەرە
سیاسەتوانی کورد رەمزی کارتاڵ لەھەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩١ لەسەر (لیستی پارتی بزووتنەوەی چەپ) بەنوێنەرایەتیی پارێزگای وان، بووە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا، دوای دەستگیرکردنی (لەیلا زانا)و ھەڤاڵەکانی، کارتاڵ ساڵی ١٩٩٤ھەڵات بەرەو ئەوروپا، ساڵی ١٩٩٥ "پەرلەمانی کورد لەدەرەوەی وڵات"ی پێکھێناو ئێستا لەئەڵمانیا نیشتەجێیە.
لەبەر دروستکردنی ئەو پەرلەمانەو بەتاوانی ئەندامبوونی لە پەكەكە، تورکیا خوازیارە ئەڵمانیا کارتاڵی تەسلیم کاتەوە، بەڵام دوایینجار پۆلیسی ئینتەر پوڵ لەو وڵاتە رەتیکردەوە کارتاڵ بداتەوە بەتورکیا
دادگای تورکیا کارتاڵی تاوانبار کردووە بە "بەشداربوون لەڕێکخراوی تیرۆریستی" بۆیە بەنووسراوی رەسمی داوایکردووە لەئەڵمانیا تەسلیمی کاتەوە.
پۆلیسی ئینتەرپۆل لەئەڵمانیا بە بیانووی نەبوونی "بەڵگەی تەواو و ھەروەھا بەھۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە" نایەوێ کارتاڵ رادەستی تورکیا بکاتەوەو بەڕەسمی لەو بارەیەوە وەڵامی دادگای تورکیای داوەتەوە.
وەڵامی ئینتەرپول لەئەڵمانیا ئەوە بووە "تەنیا ئەندامبوون لە گروپی تیرۆریستی بیانوویەکی سەلمێنەر نییە، ھەروەھا داواکراو بەھۆی سەختی نەخۆشییەکەی ناتوانرێ رادەستی دادگای تورکیا بکرێتەوە".
بەگوێرەی قسەی سکرتێری گشتی ئینتەرپۆل لەئەڵمانیا، ئێستا کارتاڵ لە (لیستی سوور)ی ئینتەرپۆل ھەڵاوێر دراوە.
لەبە شێکی دیکەی وەڵامی سکرتێری گشی ئینتەرپۆل کە نێردراوە بۆ وەزارەتی دادی تورکیا ھاتووە " بەگوێرەی مادەی سێی پەیڕەوی ناخۆی ئینتەرپۆل (رەمزی کارتاڵ) بەھۆی ئیسپات نەبوونی ھیچ جۆرە تاوانێک لەسەری، ئیتر گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی دۆزەکەی بەھۆی فشاری سیاسییەوە دروستکراوە بۆیە ناوی کارتاڵ لە لیستی سوور دەر ھاوێژراوە".
پێی مادەی سێی پەیڕەوی ناوخۆی ئینتەرپۆڵ دەڵێ ھەموو ھەوڵێکی دەستگیرکردن بەھۆی چالاکیی سیاسی، سەربازیی، دینی، ڕەگەزی قەدەغەیە. بەدەر لەوانە تۆمەتباران دەخرێنە لیستی سوورەوە.