لاھای
گروپی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی ئاشکرایکرد سوریا لە ماوەی حەفتەیەکدا راپۆرتی تێروتەسەل لەبارەی چەکی کیمیایی دەداتە گروپەکەو ڕۆژی سێ شەممەی داھاتوو(٢ی تشرینی یەکەم) پسپۆرانی تایبەت بەچەکی کیمیایی لە سوریا دەست بەکاری خۆیان دەکەن.
کاری ئەو گروپە سەرەتا مانگێ دەخایەنێ و تا یەکی تشرینی دووەم ھەموو کەرەستەکانی دروستکردنی چەکی کیمیایی لەناودەبەن، دەبێ تا نیوەی ساڵی ٢٠١٤ داماڵینی چەکی کیمیایی ئەو وڵاتە تەواو بووبێ.
لەکۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی گروپی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی نوێنەری ٤١ وڵات بەشدار بوون تێیدا، بڕیاردرا ئەو تیمە پسپۆڕەی کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کراوە لەسوریا دەست بکات بەکارەکانی و مانگێ بخایەنێ.
ئەنجومەن بڕیاریداوە ماوەی مانگێ شوێنی ھەموو چەکە کیمیاییەکان دەست نیشان بکرێن و زانیاریی تەواو لەبارەیانەوە کۆبکرێتەوە، ھەروەھا بە تەواوی کۆنترۆڵی ئەو شوێنانە دەکرێ کە چەکە کیمیایەکانی لێ بەرھەم دەھێنرێ، دواتر ھەموو ئەوانە دەگوازرێنەوە لە ڕێی چەند گروپێکەوە.
وڵاتانی ئەندام خەرجی تیمی چەکداماڵین دەگرنە ئەستۆ.