Emel Öz
02 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2021
ئەنقەرە - AA
باڵیۆزی زیمبابۆی لە ئەنقەرە، ئالفرێد موتیوازووکا سەردانی ئۆفیسی سەرەکی ئاژانسی ئانادۆڵو (AA)ی کرد.
موتیوازووکا لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەردار کاراگۆز و جێگری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری گشتیی وەشاندنی ئاژانسی ئانادۆڵو، یوسف ئۆزھانەوە پێشوازی لێکرا.
لە میانی دیدارەکەدا سەردار کاراگۆز، زانیاریی دەربارەی پێکھاتەی ھەواڵی جیھانیی و کارەکانی ئاژانسی ئانادۆڵوی بە موتیوازووکا دا.
سەردار کاراگۆز ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ھەواڵ لەگەڵ دامەزراوە مێدیاییەکانى زیمبابۆی بگۆڕنەوە و رێککەوتن واژۆبکەن و جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا گرنگییەکی تایبەت بە وڵاتانی ئەفریقا دەدات.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو راشیگەیاند کە دەبێت وەبەرھێنەرە تورکەکان وەبەرهێنانى زیاتر لە زیمبابۆی بکەن و بانگەوازى ئەوەی کرد کە تەکنەلۆجیای زیاتر لە تورکیاوە بۆ زیمبابۆی بگوازرێتەوە.
سەردار کاراگۆز، ئاماژەی بەوەشکرد کە زیمبایۆی شوێنێکی گەشتیاریی باشە بۆ خەڵکی تورکیا و بە پێویستی زانی گەشتی ئاسمانی راستەوخۆ لە نێوان ھەردوو وڵاتدا دەستپێبکات و بە موتيوازووكاى گوت، "دەبێت ھانی ژمارەیەکی زیاتری کۆمپانیا زەبەلاحەکانی توركیا بدەین بۆ ئەوەی وەبەرھێنان لە وڵاتەکەتاندا بکەن".
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی زیمبابۆی لە ئەنقەرە، ئالفرێد موتیوازووکا ئاماژەی بە گرنگیی مێدیا لە پێشیاندا ئاژانسی ئانادۆڵو کرد لە بەھێزکردنی پەیوەندی نێوان ھەردوو وڵاتدا.
موتیوازووکا جەختی لە گرنگیی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئاژانسی ئانادۆڵو و باڵیۆزخانەی زیمبابۆی لە ئەنقەرە کردەوە و داوای ھەماھەنگی و ھاوکاری زیاتری لە نێوان ئاژانسی ھەواڵەکانی ھەردوو وڵاتدا کرد.
باڵیۆزی زیمبابۆی لە ئەنقەرە راشیگەیاند کە زیمبابۆی لە بوارەکانی ژێرخان، کانەکان، کشتوکاڵ و وزەی ھەتاو پێویستی بە وەبەرھێنانی تورکی زیاترە.
ئالفرێد موتیوازووکا دووپاتکردەوە کە زیمبابۆی لە ھەموو کەرتەکاندا کراوەیە بۆ کار و وەبەرھێنەران و گوتی "تورکیا ھێزێکە کە لە ئەفریقا روو لە بەرزبوونەوە دەکات".