بەرپرسی پەیمانگەی عێراق بۆ وزە، لوئەی خەتیب دەڵێت ساڵی 2014 توركیا بڕی 47,6 ملیار مەتر سێجا غازی سرووشتی هاوردە كردووە، رێژەی 60 لەسەدی ئەو بڕەش لە رووسیا بووە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە سێ پارێزگاكەی هەرێم خاوەنی 45 ملیار بەرمیل نەوت و بڕی (5,7) تریلیۆن مەتر سێجای غازی سرووشتییە لەكۆی 187 تریلیۆن مەتر سێجای كۆی یەدەگی جیهان لەو سامانە، بەو پێیە هەرێمە تاقانە سێ پارێزگاییەكەی عێراق لەسەر دەریایەكە لە غازی سرووشتی و رێژەی پتر لە 3 لەسەدی كۆی یەدەگی جیهانی لەو سامانە لەلایە.
ئەو زانیارییانە هاوكاتن لەگەڵ لێدوانەكانی وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم، ئاشتی هەورامی لە كۆڕبەندی ئابووری وزەی ئەتڵانتیك لە ئیستانبوڵ كە 20ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕِێوەچوو كە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد لە ساڵی 2020 هەرێم بڕی 20 ملیار مەتر سێجا غازی سرووشتی هەناردەی توركیا و ئەورووپا دەكات، ئەو ژمارە و قسانە هاوكات لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش و پەیدابوونەوەی دوو جەمسەری لە جیهاندا مۆركێكی نێودەوڵەتی بەخشیوەتە غازی هەرێمە تاقانەكەی عێراق.
غازی سرووشتی هەرێمی كوردستان كە بەپێی توێژینەوەكان چاوساغەكانی پرۆژەی نابۆكۆ بۆ گواستنەوەی غازی سرووشتی لە توركیاوە بۆ نەمسا لەڕێگەی رۆمانیا و مەجەڕەوە پشت ئەستوورن پێی بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەیە سەربگرێت ئێستا رەهەندێكی دیكەی هەیە بەتایبەت لەگەڵ یەدەگێكی زەبەلاح، تێچوویەكی كەم بۆ دەرهێنان، بوونی كڕیار، پێگەی جوگرافی هەرێم كە هاوشانی توركیای ئۆڕاسیاییە و چاوی تیژی كۆمپانیاكانی گەورەی جیهانی راكێش كردووە.
سەرۆكی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، دكتۆر غالب محەمەد لەبارەی یەدەگی غازی سرووشتیی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "هەرێمی كوردستان خاوەنی بڕێكی زۆر زیاترە لەوەی حكوومەتی هەرێم رایگەیاندووە كە بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا یان(5,7) تریلیۆن مەتر سێجایە ئەگەر رووپێوی پێویست بكرێت، ئێستا هەرێمی كوردستان رێژەی نزیك لە چوار لەسەدی كۆی یەدەگی جیهانی لەغازی سرووشتی لەلا كۆبووەتەوە، ئەگەر كەركووك بگەڕێتەوە سەر هەرێم و رووپێوی ورد بكرێت یەدەگی هەرێم بۆ نزیكەی 10 تریلیۆن مەتر سێجا بەرز دەبێتەوە و بەوەش هەرێم دەبێتە خاوەنی نزیكەی شەش لەسەدی كۆی یەدەگی جیهان لە غازی سرووشتی".
ئەو شارەزایە كە دكتۆرای لە سامانە سرووشتییەكان هەیە دەشڵێت زۆرێك لە خاكی هەرێمی كوردستان بە غازی سرووشتی تەنراوە كە لە ناوچەكانی گەرمیانەوە دەست پێ دەكات لە ناوچەی كفری و كوردەمیر تا دەگاتە سەنگاو و چەمچەماڵ كە خاوەنی یەدەگێكی گەورەی غازی سرووشتیین و شۆڕ دەبێتەوە بۆ كێڵگەكانی كۆرمۆر و خورمەلە و مەخموور و هەولێر، دەشڵێت پارێزگای سلێمانی و ناوچەی گەرمیان رێژەی 80 لەسەدی غازی سرووشتیی هەرێمیان تێدایە.
سەبارەت بە رەهەندی نێودەوڵەتی غازی سرووشتی هەرێمی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئانادۆڵو دكتۆر غالب محەمەد دەڵێت" غازی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی نەوتەكەی دەرهێنان و هەناردەكردنی تێچوویەكی زۆر هەرزانی دەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا ئەگەر رووسیا كارتی فشاری غاز بەرامبەر بە ئەورووپا بەكاربهێنێت، ئەوا هەرێمی كوردستان دەتوانێت ببێتە پاڵپشتییەك و سەرچاوەیەك بۆ ئەو پرۆژەیە".
بەپێی زانیارییە بڵاوكراوەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بێت، سەرباری ئەوەی دەوڵەت نییە هەرێمی كوردستان ریزبەندییەكی لە دە یەكەمەكانی خاوەنە یەدەگە زەبەلاحەكانی جیهانی لە غازی سرووشتی هاوشێوەی نەوت داگیركردووە، بەو پێیەش هەرێم لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی بایەخێكی زۆری دەبێت، بوونی پتر لە 45 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوت و 5,7 تریلیۆن پێ سێجا ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە، ئەوەش وای كردووە كۆمپانیاكانی وزە لە ساڵانی دوایی چاویان بۆ سامانی ژێر زەویی هەرێم تیژبكەنەوە.
دكتۆر غالب محەمەد لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پێیوایە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی غازی سرووشتی بۆ هەرێمی كوردستان سوودێكی باشی دەبێت بەتایبەت ئەگەر بۆ عێراق و دواتریش بۆ توركیای هەناردە بكات، لەوبارەیەوە دەڵێت "ئێستا عێراق پێویستی بەغازی سرووشتی هەیە و ساڵانە بە بەهای چوار ملیار دۆلار غاز لە ئێران دەكڕێت، بۆیە دەبێت بیر لەوە بكەینەوە غازی سرووشتی هەرێمی كوردستان بفرۆشین لەبەر دوو هۆ، یەكەمیان لەبەر ئەوەی نزیكین لەیەكتر و راكێشانی بۆریی كەمتری دەوێت، هەروەها دەتوانیین وەكو كارتی فشار بەرامبەر بە بەغدا بەكاری بهێنین، پاش ئەوە دەتوانیین بۆ وڵاتی دیكەی هەناردە بكەین".
هەروەها دەشڵێت "پاش عێراق باشترین شوێنێك كە غازی سرووشتی بۆ دابین بكەین وڵاتی توركیایە، چونكە توركیا ساڵانە یازدە ملیار مەتر سێجا غازی سرووشتی دەكڕێت، ئێمە دەتوانیین بۆ زیاتر لە 70 ساڵیش ببینە سەرچاوەی دابینكردنی غاز بۆ ئەو وڵاتە، ئێمە دەتوانین وا بكەین توركیا هیچ كاتێك تووشی كێشە نەبێت لەدابینكردنی غازی سرووشتی".
بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی ئانادۆڵو ئێستا هەرێمی كوردستان و توركیا لە ساڵی 2013ەوە رێككەوتنییان هەیە بۆ ئەوەی هاوشێوەی بۆریی نەوت بۆرییەك بۆ هەناردەكردنی غازی سروشتی هەرێم بۆ توركیا رابكێشرێت كە بڕیارە كۆتایی ساڵی داهاتوو تەواوببێت و سەرەتا بە بڕی چوار ملیار مەتر سێ جا غازی هەرێم بۆ توركیا و پاشتر بۆ ئەورووپا بگوێزێتەوە، ئەو پرۆژەیە هاوكات لەگەڵ بوونی پڕۆژەیەكی ئێرانی - كوردستانی بۆ راكێشانی دوو بۆریی نەوت و غازی هەرێم لە هەرێمەوە بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ بازاڕەكانی ئاسیا.
بەپێی زانیارییەكانی بەردەست رووسیا بە 44 تریلیۆن و 650 ملیار مەتر سێجا و ئێران بە 26 تریلیۆن و 850 ملیار مەتر سێجا و قەتەر بە 25 تریلیۆن و 630 ملیار مەتر سێجا و سعوودیە بە بڕی 7 تریلیۆن و 167 ملیار مەتر سێجا و ئیمارات بە بڕی شەش تریلیۆن و 71 ملیار مەتر سێجا و ئەمریكا بە بڕی پێنج تریلیۆن و 977 ملیار مەتر سێجا ئێستا لە ریزبەندی شەش گەورەترین وڵاتانی جیهانن لەرووی یەدەگی غازی سرووشتییەوە، نەیجیریا بەپێی لیستەكە حەوتەم گەورەترین یەدەگی غازی سرووشتیی لەجیهاندا لەلایە كە بڕی پێنج تریلیۆن و 210 ملیار مەتر سێجایە و كەمترە لە یەدەگی هەرێمی كوردستان كە بڕی پێنج تریلیۆن و 700 ملیار مەتر سێجایە.
بەرپرسی پەیمانگەی عێراق بۆ وزە كە بارەگاكەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە لوئەی خەتیب لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "لەرووی تەكنیكییەوە قورسە ئەو ژمارە خەمڵێندراوانەی هەرێمی كوردستان ئاماژەیان بۆ دەكات پشتڕاست بكرێنەوە، چونكە بە قسەی ئەو پێویستییان بە لێكۆڵینەوەی ورد هەیە، ئەو ژمارانەش لە زیادبوون و كەمبوونەوەدان".
لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت "بەڵام كێڵگەكانی چەمچەماڵ و كۆرمۆر هیوا بەخشن و هەندێك لە شارەزایان پێیان وایە كە 100 تریلیۆن پێ سێجا غازی یەدەگی ئەو كێلگانەیە كە لەلایەن دانا غازەوە وەبەرهێنراون، ئەو غازەشی كە لەلایەن كۆمپانیای دانا غازەوە وەبەرهێنانییان تێدا دەكرێت بەپێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان 50 لەسەدی یەدەگی غازی هەرێمی كوردستانییان لێیە، بەڵام غازی ئەو كێڵگەیە رەنگە 90 لەسەدی غازی هەموو كوردستان پێكبهێنێت ئەگەر بێت و كێڵگەكانی دیكە هیوابەخش نەبن".
سەبارەت بە گرنگی غازی سرووشتی هەرێمی كوردستان بەتایبەت بۆ توركیا لوئەی خەتیب دەڵێت "هەرێم بەشێكە لە دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق، لەرووی بازرگانییەوە حكوومەتی هەرێم دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەكی جێگیر و هەرزانی غازی سرووشتی بۆ توركیا، بەڵام هەناردەكردنی غاز لەلایەن هەرێمەوە پێچەوانەی یاسا و دەستووری حكوومەتی عێراقە، بۆ ئەوەی ئەو كارە ئەنجام بدرێت پێویستە عێراق و هەولێر و توركیا رێككەوتنێك ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی ئەو گرێبەستە جێگەی رەزامەندی هەموو لایەك بێت".
ئەو دەشڵێت ساڵی پار واتە 2014 حكوومەتی توركیا 47,6 ملیار مەتر سێجا غازی سرووشتی هاوردە كردووە، رێژەی 60 لەسەدی ئەو بڕەش لە رووسیا بووە.
ئێستا كۆمپانیای دانەغاز گەورەترین كۆمپانیایە كە زۆرێك لە كێڵگەكانی غازی سرووشتی هەرێمی بەدەستەوەیە، بە درێژایی 176 كیلۆمەتر غازی سرووشتی لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر و سلێمانی و بۆ خورمەلەش دەگەیەنێت، هەروەها هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە پەرەپێدانی بەكارهێنانی غازی سرووشتیی بۆ بەكارهێنانی نێوخۆیی و باس لە بوونی پرۆژە لە پارێزگای سلێمانی دەكرێت بۆ گۆڕینی سووتەمەنی ئۆتۆمبیل لە بەنزینەوە بۆ غاز بەمەبەستی كەمكردنەوەی خەرجی، هاوكات حكوومەتی هەرێمیش كە ساڵانە نزیكەی سێ ملیار دۆلاری بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا خەرج دەكات بەنیازە غازی سرووشتی بۆ ئەو مەبەستە دابین بكات و دەستبەرداری گازوایل و سووتەمەنی لەجۆری دیكە ببێت.
رێبین سەمەد شارەزا و خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە نەوتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "توێژینەوەكان باس لە بوونی 200 تا 600 تریلیۆن پێ سێجا لە غازی سرووشتی لە هەرێمی كوردستان دەكەن كە ئەگەر رووپێویی ورد بكرێت ژمارەكە زۆر لەوە زیاترە، هۆكاری ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی" لە هەموو بیرەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان بڕێك غازی تێدایە و رێژەكەش زۆرە".
ئەو شارەزایە دەركەوتنی بایەخی غازی سرووشتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و جیهان و دەڵێت "وڵاتی توركیا لە پڕكردنەوەی پێویستییەكانی وزەی لە 48 لەسەد پشت بە وڵاتی رووسیا دەبەستێت، بەڵام پاش دروستبوونەوەی دوو جەمسەری و ئەو كێشانەی درووست بوون ئێستا ئەو غازەی كە توركیا هاوردەی دەكرد لەلایەن رووسیاوە هەڕەشەی لەسەرە، نزیكترین بەدیلیش بۆ ئەوە هەرێمی كوردستانە كە شوێنێكی جوگرافی لەبارە بۆ دابینكردنی ئەو بڕەیە، ئەوەش بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە غازی سرووشتی بۆ توركیا دابین بكات، چونكە وادەكات هەرێمی كوردستان پێگەیەكی تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت و توركیاش زیاتر پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان دەكات".
هەرچۆنێك بێت گۆڕانكارییەكانی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێدەچێت لە بەرژەوەندی كورد دا وەرچەرخێت، چونكە هەرێمەكەی ئەوان لە عێراق ئێستا لە زەبەلاحەكانی خاوەن یەدەگی نەوت و غازە، سەرباری دابەزینی نرخەكانی نەوت و غاز، بەڵام هێشتا ئومێد بە ئایندە گەشە.
news_share_descriptionsubscription_contact

