Emre Aytekin
03 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2021
ئەنقەرە - AA
باڵیۆزی مۆنتینیگرۆ لە ئەنقەرە، پێرسیا کاستراتۆڤیچ سەردانی ئۆفیسی گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو (AA)ی کرد.
کاستراتۆڤیچ لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەردار کاراگۆزەوە پێشوازیی لێکرا.
کارگۆز خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەکەی کاستراتۆڤیچ دەربڕی و زانیاریی دەربارەی پێکھاتەی ھەواڵی جیھانیی و کارەکانی ئاژانسی ئانادۆڵوی پێدا.
لەلای خۆیەوە باڵیۆز کاستراتۆڤیچ، ئاماژەی بە رۆڵی مێدیا بەتایبەتی ئاژانسی ئانادۆڵو لە بەھێزکردنی پەیوەندی نێوان ھەردوو وڵات کرد.
باڵیۆزی مۆنتینیگرۆ لە ئەنقەرە، پێرسیا کاستراتۆڤیچ جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا و مۆنتنیگرۆ، دوو وڵاتی خاوەن پەیوەندی باشن و بە درێژایی مێژوو پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای رێزگرتن لەیەکتر بەڕێوەچووە و خۆشحاڵی خۆی لە بەرامبەر چالاکییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ رووماڵکردنی ھەواڵەکانی وڵاتانی بەڵقان دەربڕی.
کاستراتۆڤیچ ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە لە دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی مۆنتنیگرۆ لە ساڵی ٢٠٠٦، تورکیا لە ریزی یەکەمی ئەو وڵاتانەدابوو کە دانیان پێدانا و باسی لە پاڵپشتییەکانی ئەنقەرە کرد بۆ ئەندامبوونی مۆنتنیگرۆ لە ناتۆ و ھەوڵەکانی بۆ ئەندامبوون لە یەکێتی ئەورووپادا کرد.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەردار کاراگۆز جەختی لەوە کردەوە کە ھیچ گرفتێك نییە لە نێوان ھەردوو وڵاتدا بۆ ئەوەی ناکۆکی سیاسیی لێ دروستبێت و گوتی "ئەمە دەرگا بۆ دەرفەتی ھەماھەنگی لە بوارەکانی کولتوورى، ئابووری و گەشتیاری دەکاتەوە".
سەردار کاراگۆز ئاماژەی بەوەشکرد کە گەشتیاری بۆ ھەردوو وڵات زۆر گرنگە و باسی لە گرنگیی پێشخستنی ھەماھەنگی لەم بوارەدا کرد.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو سوپاسی باڵیۆز پێرسیا کاستراتۆڤیچی کرد بۆ سەردانەکەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو و گوتی: "وەکو ئاژانسی ئانادۆڵو، ئامادەین بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و مۆنتینیگرۆ".