Sangar Hamad Azeez,Abdullah Shukur
27 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەکر بۆزداغ بەشداری لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵ ٢٤ی تورکیا کرد و تیایدا وەڵامی چەند پرسییارێکی هەنووکەیی دایەوە .
بۆزداغ باسی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کرد و گوتی: " دوای ئەو بارگرژییانەی نێوان تورکیا و ئەمریکا، ئەمە هەنگاوێکی گرنگ بوو. هەردوولا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی مێژوویان ئەنجامدا. ترەمپ لە بابەتی یەپەگەدا دانی بە راستییەکانی تورکیا نا ".
بۆزداغ ئەوەی بەبیرهێنایەوە کرد کە ئەمریکا ٤ هەزار بارهەڵگر چەکی بە یەپەگە داوە و گوتی: " تورکیا مەترسییەکانی کارەکەی بە هەموو جیهان گەیاند بەڵام ئەمریکا باش هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکە نەکردبوو".
بۆزداغ راشیگەیاند کە لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی پێنەدانی چەک بە یەپەگە زۆر گرنگە. گوتیشی: "تاکو ئێستا لێدوانێکی بەم جۆرەی پێشکەش نەکردبوو. بۆ یەکەم جار لەسەر زاری سەرۆکی ئەمریکا راگەیەنرا کە ئیتر چەک نادرێتە یەپەگە. ئەمە زۆر گرنگە. بەڵام ئەگەر ئەم لێدوانە تەنھا لەسەر زار بمێنێتەوە و بە نھێنی چەک بدرێ، ئەوا ھیچ گرنگیەکی نامێنێ. پێویستە کاردانەوەی ئەم لێدوانە لە گۆڕەپانی ناوچەکە ببینین. تورکیا چاودێری ئەم بەڵێنەی ئەمریکا دەکات بەوەی کە ئایا چەک بە یەپەگە دەدرێ یان نا".
بەکر بۆزداغ لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەو چەکانەی تا ئێستا بە یەپەگە دراوە چی بەسەر دێت؟ گوتی: "پێویستە ئەم چەکانە کۆبکرێنەوە. لە ھەموو کۆبوونەوەیەکی نێوان ئەمریکا و تورکیا، بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەوان لە ناچارییەوە ئەم ھاوبەشیەیان لەگەڵ یەپەگە پێکھێناوە. راشیانگەیاند کە کاتێ بەرەنگاری دژی داعش تەواو دەبێ ئەوا چەکەکان کۆدەکەنەوە. ئێمە چاودێری ئەم بەڵینەیان دەکەین. داعش گشت بنکە و بارەگاکانی خۆی لەدەستداوە. بە تەواوی کاریگەری خۆی لەدەستداوە. ئایا یەپەگە و پەیەدە ئەم چەکانە لە دژی کێ بەکاردەھێنێ؟ ئەگەر لە بەرامبەر داعش بەکارنەھێنێ ئەوا لە بەرامبەر تورکیا بەکاردەھێنێ. ئەو چەکانەی کە بە پەیەدە و یەپەگە دراوە لە ھەمان کاتدا بە پەکەکە دراوە. تەنھا بەڵێنی وەستاندنی پێدانی چەک بەس نییە. تورکیا دەیەوێ ئەم چەکانە لە دەست تیرۆریستانی پەیەدە و یەپەگە بسەنرێتەوە. ئێمە چاودێری دۆخەکە دەکەین".