Gülşen Topçu
08 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2026
هاوپەیمانییەک بە سەرکردایەتی سعوودیە ڕایگەیاند لە ھێرشەکانی حووسییە پشتیوانکراوەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی سعوودیە، ٧٣ کەس بریندار بوون.
گوتەبێژی ھاوپەیمانیی عەرەبی، تورکی مالکی، لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە کە ھەوڵەکانی حووسییەکان بۆ ئامانجگرتنی پادشایەتی سعوودیە و ھاووڵاتییەکانی و توانای نیشتمانیی وڵاتەکە، ھەڵوێستێکی بەرپرسیارانە و دوژمنکارانە نیشان دەدات.
مالکی ئاماژەی بە ھێرشەکانی حووسییەکان کردووە و ڕایگەیاندووە؛ ئەم ھێرشانە کە دامەزراوە مەدەنی و بازرگانییەکان لە شارەکانی ئەبھا، خەمیس موشەیت، جازان و نەجرانیان کردووەتە ئامانج، بوونەتە ھۆی برینداربوونی ٧٣ کەس.
بەپێی گوتەکانی گوتەبێژی ھاوپەیمانیی عەرەبی، ئەم ھێرشانە بە ئاشکرا دەستدرێژییەکە بۆ سەر سەروەریی سعوودیە و ھەڕەشەیەکە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکە.
مالکی حووسییەکانی بە (میلیشیای تیرۆریست) ناوبردووە و ڕاشیگەیاندووە؛ ئەم ھێرشانە بەبێ ھیچ پاساوێک ئەنجامدراون و ئامانجیان زیانگەیاندن بە توانای ئابووریی سعودیەیە.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ھێزەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی ھەموو ھەنگاو و ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ھێرشانە و پێشگرتن لە ھەڵسوکەوتەکانی ھێرشکارانەی حوسییەکان.
حووسییە پشتیوانکراوەکانی ئێران لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٤ەوە، کۆنترۆڵی بەشێک لە ناوچەکانی یەمەن، لەوانە سەنعای پایتەختیان بەدەستەوەیە. لە بەرامبەردا ھاوپەیمانییەکی بە سەرکردایەتی سعوودیە لە ئاداری ٢٠١٥ەوە دەستی بە دەستێوەردانی سەربازیی لە یەمەن کردووە و پشتیوانی لە حکوومەتی یەمەن دەکات.