Sangar Hamad Azeez
12 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2016
هەکاری
ئافرەتانی شارۆچکەی یوکسەکۆڤای سەر بە پارێزگای دیاربەکر، بەمەبەستی شیردۆشین (بێریڤانی) رۆژانە ٧ کیلۆمەتر بە پێ دەبڕن.
بەمەبەستی یارمەتیدانی ئابووری خێزانەکانیان و پەیداکردنی بژێوی ژیانیان ئافرەتانی شارۆچکەی یوکسەکۆڤا لە بەرەبەیاندا لە ماڵ دەردەچن و بۆ کاری بێریڤانی بەرەو دەرەوەی شارۆچکەکە بەڕێ دەکەون.
ئەو ئافرەتانە رۆژانە ماوەی چوار سەعات، دانە دانەی ئەو بزن و مەڕانە دەدۆشن کە لە کێڵگەکانی دەرەوەی یوکسەکۆڤا بۆ شیردۆشین بەخێو دەکرێن کە ژمارەیان نزیکەی هەزار و ٥٠٠ سەر مەڕ و بزن دەبێت.
هاوکات دوای دۆشینی مەڕ و بزنەکان، بێریڤانەکان بەپشت دێمکەی شیرەکان هەڵدەگرن و بەرەو ماڵ بەڕێ دەکەونەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، یەکێک لەو ئافرەتانەی کە کاری بێریڤانی دەکات بەناوی شاهیربان شاهین گوتی: "تاکە سەرچاوەی ئابووری خێزانەکەم بریتییە لە کاری ئاژەڵداری، ناچارم ئەو کارە بکەم، بێریڤانی کارێکی زۆر سەختە دەبێت لە بەرەبەیاندا ماڵ و حاڵمان بەجێ بهێڵین، پەیوەستبوونمان بەو کارە زۆر سەختە بەڵام تاکە سەرچاوەی داهاتی ژیانمانە، رۆژانە ئەو شیرەی کە دەیدۆشین لە ئاژەڵەکان پەنیر و ماست و ژاژی و کەشک و بەروبوومەکانی دیکەی شیری لێ دروست دەکەین و دەیفرۆشین".
یەکێکی دیکە لە بێریڤانەکان بەناوی سەڤیم کازان بۆ ئانادۆڵو گوتی: "رۆژانە نزیکەی شەش سەعات بە شیردۆشین و هاتن و چوونەوە تێدەپەڕێت. زۆرجار لەگەڵ هاوڕێکانم لەکاتی کارکردن بەهۆی ماندووبوونەوە پشوو وەردەگرین، لەگەڵ خۆمان خواردن و خواردنەوە دەبەین و لە کاتی پشووەکان دەیخۆین، کاری بێریڤانی کارێکی سەختە بەڵام لە سایەی ئەم کارەوە دەتوانین ژیان بگوزەرێنین و ماڵ و منداڵمان بەخێو بکەین. ئیشەڵڵا ئەم ساڵ ساڵێکی پڕ خێر و بەرەکەت دەبێت".