Ramal Mahmood
18 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2016
بەرهەمی هەنگوین لە قەزای هیزانی پارێزگای بەدلیس کە لە ئاستی بەرهەمهێناندا کێبڕکێی لەگەڵ هەنگوینی ئانزەر دەکرد، لەئێستادا بەهۆی شەڕوشۆڕ و توندوتیژییەوە، هەنگەوانان ناتوانن رووبکەنە ناوچە کوێستانییەکان، پێشبینی دەکرێت لەبەر ئەوە بەرهەمهێنان بە رێژەی لەسەدا ٦٠ کەمبکات.
سەرۆکی یەکێتیی بەرهەمهێنەرانی هەنگوین لەهیزان، سەیدخان ئەکینجی، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند:" قەزای هیزان بە پوورەی هەنگ ناسراوە و نزیکەی ٦٠ هەزار پوورە هەنگی لێیە، گوتیشی: "لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەی ساڵی رابردوو لەسەر پوورە هەنگەکانی هیزان کراوە، دەرکەوت کە لە رووی چۆنێتییەوە کێبڕکێ لەگەڵ هەنگوینی ئانزەر دەکەن. بەڵام بەهۆی شەڕوشۆڕ و توندوتیژییەوە بەداخەوە ناتوانێت لەو کێبڕکێیە بەردەوام بێت. بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوینی پوورە، پێویستە بچینە ئەو کوێستانانەی دوو هەزار تا دوو هەزار و ٥٠٠ مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزن. لە کوێستانەکان ئەو جۆرە گیایانە سەوزدەبن کە هەنگ شیلەی گوڵەکانیان دەمژن و تاموچێژێکی تایبەتی دەدەنێ. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی زانکۆی ئیجە دەرکەوتووە بەرهەمی هەنگوینی هیزان زۆر زۆر لە هەنگوینی ئانزەر باشترە".
- "بەرهەمی هەنگوین بەڕێژەی لە سەدا ٦٠ کەمیکردووە"
سەیدخان ئەکینیجی ئاماژەی بەوەدا ئەگەر ئەو شەڕوشۆڕ و توندوتیژییە کۆتاییبێت، هەنگەوانان بۆ باشترکردنی بەرهەمەکانیان دەچنە ئەو ناوچانەی بە گژوگیای دەوڵەمەند بەناوبانگن. ئەوەشی خستە ڕوو زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی هەنگ بەندە بە رووکردنە ناوچە کوێستانەکان.
ئەکینجی سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە تاکە ئامانجیان ئەوەیە بەرهەمی هەنگوینی هیزان لە تورکیا بناسرێت و پێشکەشی وڵاتی بکەن، راشیگەیاند: "بەداخەوە بەهۆی شەڕوشۆڕەوە ناتوانین بچینە کوێستانەکان، بەهۆی کەمی گژوگیا و رووەک لێرە بەرهەمهێنان بەڕێژەیەکی زۆر رووی لە کەمی کردووە. ساڵی پار هەزار و ٢٠٠ تۆن هەنگوینمان بەرهەمهێنا. بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان ئەمساڵ بەهۆی شەڕوشۆڕ و نالەباری کەشوهەواوە بەرهەمهێنانی هەنگوین لە ناوچەکەمان لە سەدا ٦٠ کەمدەکات".
ئاشکراشیکرد بەهۆی نەبوونی ئاسایشی تەواو لە ڕێگەکانی هاتوچۆدا بازرگانان بەکەمیی روو لە قەزاکە دەکەن بۆ کڕینی بەرهەمەکانیان.
سەیدخان ئەکینجی ئاماژەی بەوەدا ناوی ٥١٧ هەنگەوان لە یەکێتییەکەیان تۆمارکراوە و ساڵی رابردوو بە بڕی ٩٠ هەزار لیرە هاوکارییان کراوە. بەڵام ئەمساڵ بەهۆی شەڕوشۆڕ و توندوتیژییەکانەوە داوایان لە بانکی زراعەت کردووە ماوەی وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان لە هەنگەوانان، درێژبکاتەوە.
هەنگەوان چەتین سۆنمەز کە ماوەی پێنج ساڵە لە هیزان خەریکی ئەو کارەیە، ئاماژەی بەوەدا لە هاویناندا پوورە هەنگەکانیان دەبردە کوێستانەکان، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی شەڕوشۆڕەوە ناتوانن بچنە کوێستانەکان.
سۆنمەز سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا لەپێشانگەی فرۆشتنی بەرهەمەکانی وەرزی پاییز بەرهەمەکانیان دەبەنە ناوچەی گایدا و گوتی: "لێرە ئاستی بەرهەمهێنان نزمە، جۆری گوڵ زۆرە. لە کوێستانەکانمان ریژەی بەرهەمهێنان بەرزە. بەهۆی شەڕوشۆڕەوە نەمانتوانی پوورە هەنگەکان بەرینە کوێستانەکان، خوا یاربێت ئەو شەڕوشۆڕانە تەواو دەبن و بەرهەمی ئێمەش بۆ ئاستی ساڵی پار هەڵدەکشێت لە داهاتوودا".