Günay Nuh,Cüneyt Çelik,Hüseyin Demirci,Sidar Can Eren,Talha Koca,Anıl Aydın,Abdullah Söylemez,Muhammet Ali Ateş
05 کانوونی دووەم 2026•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2026
ئەرزەڕوم - AA
لە شارەکانی ئەرزەڕوم، ئەردەخان، تونجەلی، قەرس و ئاگری سەرماوسۆڵە بەردەوامە.
لە شاری ئەرزەڕوم کە پلەی گەرما بە شەودا بۆ ١٤ پلەی ژێر سفری سەدی دابەزیوە، بەهۆی سەرماوە جامی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دەرەوە ڕاگیراون بە سەهۆڵ داپۆشروان.
ژمارەیەک لە هاووڵاتیان بۆ پاراستنی ئۆتۆمبێلەکانیان لە سەرما، بە بەتانی و خێمە دایانپۆشیون. هەروەها لە سەربانی بیناکان چلوورە شۆڕبووەتەوە.
- ئەردەخان
سەرمایەکی توند پارێزگای ئەردەخانی گرتووەتەوە و، پلەی گەرما بە شەودا گەیشتووەتە ٢٠ پلە ژێر سفری سەدی.
بەهۆی ئەو سەرمایەوە، شەقام و شۆستەکان و تەنانەت سەر ڕووی ئاوی ڕووبارەکان بەستوویانە.
- قەرس
لە قەرس پلەی گەرما بۆ ٢٠ پلە لەژێر سفری سەدی دابەزیوە و، لە هەندێک ناوچەی شارەکە گەیشتووەتە ٢٧ پلە ژێر سفری سەدی.
بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە ژمارەیەکی زۆر لە شۆفێران دووچاری سەختی بوون لە کارکردن بە ئۆتۆمبێلەکان و، پۆمپەکانی سووتەمەنی لە بانزینخانەکاندا بەستوویانە.
لە قەزای ساریکامش بەهۆی توندی سەرماوە درەخت و ڕووەکەکان شەختەیان گرتووە.
- تونجەلی
لە تونجەلی پلەی گەرما لە شەودا بۆ ١٢ پلە ژێر سفری سەدی دابەزیوە.
بەهۆی سەرماوە دەریاچەی بەنداوی ئوزونچایر و هەندێک شوێنی ڕووباری مۆنزور بەستوویانە. درەخت و ڕووەکەکان شەختەیان گرتووە.
- ئاگری
سەرمایەکی توند و تەمومژێکی چڕ شاری ئاگری گرتووەتەوە و، بووەتە هۆی دابەزینی مەودای بینین و، دروستبوونی چلوورە بە بنمیچی سەربانی ماڵەکانەوە.
هاووڵاتیان بۆ پاراستنی ئۆتۆمبێلەکانیان، بە نایلۆن و بەتانی دایانپۆشیون.
لە بازاڕی ئاژەڵان، سەرماکە بە جۆرێک توند بووە شەختە گشت شوێنێکی گرتووەتەوە.