ھاتای
دەستەی گۆرانیبێژانی "شارستانییەتی ئانتاکیا" کە ئەندامەکانی ھەڵگری باوەڕی سێ ئایینی ئاسمانی و شەش شارستانییەتی جیاوازن، پێیان وایە پاکێجەکە یەکەم و گرینگترین ھەنگاوە بەئاراستەی دیموکراتیزاسیۆن. یڵماز ئۆزفرات سەرۆکی رێکخراوی "دەستە گۆرانیبێژانی شارستانییەتی ئانتاکیا" ئاماژەی بەوەکرد لە یەکەمین رۆژەوە پاڵپشیەکی گەورەمان لە دەستپێکردنی ئەم قۆناغە کردووە.
ئۆزفرات گوتی "لەو بڕوایەدام بەم پاکێجە کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە تورکیا روودەدات. ئەم سەرەتایە قۆناغێکە نوێکاری بەدواوە دێت. تا دەست بە شتێکی نوێ نەکەن، ھیچ دەستکەوتێکتان نابێت. تورکیاش دەستی بەقۆناغێکی نوێ کردووە، لە دیدی مندا ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ وڵاتەکەمان".
ھەروەھا گوتی: مرۆڤەکان دەیانەوێ بەبێ جیاوازی لەم وڵاتەدا بەیەکەوە بژین. بەدەستەبەرکردنی ئارامی لە ناوخۆی وڵاتدا، دەبینە نموونە بۆ وڵاتانی جیھان. لەوانەیە کەسانێک بە پاکێجەکە دڵخۆش نەبن، بەڵام ئاخۆ ئەوەی لێرەدا گرینگە تەنیا ئەوەیە؟ یان دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە؟ لێرەوە زۆر سوپاسی سەرۆک وەزیران دەکەم، لەبەر ئەوەی بەشێوەیەکی تۆکمە دەستی بەم کارە کردووە. ئەم ھەنگاوە ڵاتەکەمان بەئاراستەی مۆدێرنیزمبوون دەبات.
- کێشەی کەمینەکان
فیلیز ئاکسۆز کەیەکێکە لە ئەندامەکانی "دەستەی گۆرانیبێژانی شارستانییەتی ئانتاکیا" ئاماژەی بەوەکرد پاکێجەکە دڵخۆشکەرە و ھیوادارم ببێتە سەرەتایەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات.
ئاکسۆز گوتی، "من کەسێکی عەلەویم، داواکارم کێشەی کەمینەکان چارەسەر بکرێ. خوازیاربووم پاکێجەکە چارەسەری سەرجەم کێشەکانی لەخۆگرتبا، بەڵام پێم وایە ئەمە تەنیا سەرەتایە".
ئاتیلا ئارمان کەیەکێکە لە ئەندامەکانی "دەستەی گۆرانیبێژانی شارستانییەتی ئانتاکیا" دەڵێ، ھیوادارم پاکێجەکە وەڵامێک بێت بۆ ئەو داواکارییانەی ساڵانێکی زۆرە ھەموومان چاوەڕێین. لەبارەی مافی کەمینە و ھەڵبژاردەی سیاسی کەسەکان ھەنگاوێکی ئەرێنییە. بەتایبەتیش مافی خوێندن بە زمانی دایک لە قوتابخانە تایبەتەکاندا دڵخۆشکەرە. ھیوادارم ببێت بە پاکێجێک دوەڵەمەندی کلتوری لەئامێز بگرێ".
- جەنودی ئۆغڵو سەرۆکی جەماعەتی موسەوییەکان
ساول جەنودی ئۆغڵو سەرۆکی جەماعەتی موسەوییەکان لەبارەی پاکێجی جیموکراتیزاسیۆن گوتی: دەستخۆشی لە حکوومەت دەکەم بۆ دەسپێشخەرییەکەی ساڵی رابردوو بە تایبەت لە گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵکی ئەو کەسانەی کە موسڵمان نین و لە تورکیادا دەژین.
جەنودی ئۆغڵو ئاماژەی بەوەش کرد پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن رێگا لەبەردەم ئایندەیەکی گەش و رۆژانی خۆشتر دەکاتەوە و لەبارەی گەڕاندنەوەی زەوەی کەنیسەی مۆر گابریال بۆ وەقفی کەنیسە گوتی "ئەمە ھەنگاوێکی جوان و بوێرانەیە".