Yılmaz Kazandıoğlu
24 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2023
وان – AA
لە رێگای هاندان و هاوکاریکردنی هەنگەوانانەوە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی تورکیاوە، تا دێت بەرهەمهێنانی هەنگوین لە کوێستانە بەرز و بە گژوگیا دەوڵەمەندەکانی پارێزگای وان زیاتر دەبێت.
نزیکەی ٩٥٠ هەنگەوانی وان بە پشتیوانی دارایی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و دارستانەکانی وان هەوڵ دەدەن لە رێگای ١٦٥ هەزار پوورەهەنگەوە، سێ هەزار تۆن هەنگوین بەرهەم بهێنن.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و دارستانەکانی وان، ئیبراهیم گۆرەنتاش بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە هەنگەوانی یەکێکە لە سەرچاوەکانی بژێوی ژیانی ژمارەیەک لە خانەوادەکانی پارێزگاکە، گوتی: "٩٥٠ هەزار هەنگەوانمان لە وان هەیە و ساڵانە لە ١٦٥ هەزار پوورەهەنگدا دوو هەزار و ٢٠٠ تۆن هەنگوین بەرهەم دەهێنن. وەک وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانەکان بە بەهای سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیرە هاوکاری ٦٠١ هەنگەوانمان کردووە. بەهۆی ئەوەی لە بەهاردا بارانێکی باش باریووە، چاوەڕێ دەکەین ئەمساڵ بەرهەم زیاتر بێت و لە هەموو روویەکەوە پشتیوان و هاوکاری هەنگەوانانین".
گۆرەنتاش سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بەهۆی ئەوەی کوێستانەکانی وان بە گژوگیای زۆر دەوڵەمەندن لە ئەنجامی شیکارییەکاندا دەرکەوتووە پرۆلینی هەنگوینی وان کە دەرخەری رێژەی پوختی هەنگوینەکەیە زۆر بەرزە.
ئاسڵهان دەمار کە لە کوێستانەکانی قەزای گەڤاش هەنگەوانە بە ئاماژەدان بەوەی کە بەهۆی ئەو هاوکارییەی لە دەوڵەت وەری گرت ١٠ ساڵ لەمەوبەر دەستی بە هەنگەوانی کرد، گوتی: "سەرەتا پێنج پوورەهەنگم هەبوو، بە پشتیوانی دەوڵەت ژمارەکەم گەیاندە ٣٠٠. پێشنیاز بۆ تەواوی هەنگەوانان دەکەم سوود لە پشتیوانی و هاوکارییەکان وەربگرن".
هاکان بەراک کە لەگەڵ هاوسەرەکەی هەنگوین بەرهەم دەهێنێت، گوتی: "هەنگوینی ئێمە شەکر و هیچ جۆرە مادەیەکی تێنەکراوە و بە تەواوی سرووشتییە. ساڵی رابردوو ٣٠٠ کیلۆگرام هەنگوینمان بەرهەم هێنا. ئەمساڵ ژمارەی پوورەهەنگەکانمان زیاد کردووە و چاوەڕێ دەکەین بەلایکەم یەک تۆن هەنگوین بەرهەم بهێنین".