Tevfik Durul,Mohammed Baqi Hussein
14 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2019
ئه‌نقه‌ره - AA
توركیا به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌و په‌لاماره خۆكوژییه‌ی كرد كه پاسێكی گواستنه‌وه‌ی سه‌ربازانی سوپای پاسدارانی ئێرانی كردبووه ئامانج.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا لهراگهیانراوێكدا نیگه‌رانیی له‌باره‌ی گیان له‌ده‌ستدانی ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌ربازی ئێرانی له‌ئه‌نجامی په‌لامارێكی خۆكوژیدا، نیشانداوه.
له‌ده‌قی راگه‌یانراوه‌كه‌دا هاتووه: "به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌م په‌لاماره تیرۆریستییه دزێوه ده‌كه‌ین. داوای لێخۆشبوو‌ن بۆ ئه‌وانه ده‌كه‌ین كه گیانیان له‌ده‌ستداوه و، داوای چاكبوونه‌وه‌ی به‌په‌له بۆ بریندارانیش ده‌كه‌ین. سه‌ره‌خۆشی له حكوومه‌ت و گه‌لی ئێران ده‌كه‌ین".
له‌ئه‌نجامی په‌لامارێكی خۆكوژیدا كه له ویلایه‌تی سیستان و به‌لوچستان، کە پاسێكی سه‌ربازانی سوپای پاسدارانی كرده ئامانج، 27 سه‌رباز گیانیان له‌ده‌ستدا و، 13ی دیكه‌ش برینداربوون.
رێكخراوی جه‌یشول عه‌دل به‌رپرسیارییەتی په‌لاماره‌كه‌یان له‌ئه‌ستۆ گرتووه.