Muhittin Sandıkçı
11 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2020
ریزە - AA
پارکی میللی چیاکانی کاچکار کە بەشێکی زۆری کەتووەتە نێو سنوورەکانی شارۆچکەی چاملیھامشین سەربە پارێزگای ریزە، بە دیمەنە ناوازەکەی بووەتە جێگەی سەرنجی خەڵکی و شوێنێکی لەبیرنەکراو بۆ فۆتۆگرافەران.
دامەزراوەی پاراستنی سرووشتی جیھانی، چیاکانی کاچکار-ی خستووەتە نێو لیستی ئەو شوێنانەی کە پێویستە پارێزگاریان لێ بکرێت و بە بەرزی سێ ھەزار و ٩٣٧ مەتر، بووەتە چوارەم بەرزترین چیای تورکیا.

ھاوکات ئەم چیایە چەندین دۆڵی ناوازە لەخۆدەگرێت کە بەرزایی ھەندێکیان دەگاتە دوو ھەزار و ٥٠٠ مەتر لە ئاستی رووی دەریا و بووەتە شوێنێکی دڵفڕێن بۆ عاشقانی جوانی سرووشت.
لەسەروبەندی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، چیاکانی کاچکار بووەتە شوێنێکی ئالتەرنەتیڤ بۆ ئەو کەسانەی بە دوای جوانییەکی بێ وێنە دەگەڕێن، بە تایبەت بۆ گەشتیارانی سەرکێش.

ھەڵبەتە فۆتۆگرافەرانیش خۆیان گەیاندووەتە ئەم ناوچەیە و بە چرکاندنی وێنەی دڵڕفێن و بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، جوانییەکی دیکەی ئەو چیایانە خراوەتەوە بەردیدی گەشتیاران، بە تایبەتی دیمەنی رۆژئاوابوون و دروستبوونی ھەوری دەریایی.
گەشتیاران بۆ چرکاندنی وێنەی ھەورەکان لەژێر پەنای دیمەنی رۆژئاوابوون، پێویستە لە بەرزای سێ ھەزار مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەسەر لووتکەکان سەربکەون و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لەو شوێنە چاوەڕێ بکەن. ھەندێکجار گەشتیاران بۆ چرکانی تەنھا یەک وێنە، لەو ناوچەیە شەو بەسەر دەبەن.
دیمەنی خزانی تەموومژ بۆ نێو لێواری دۆڵەکانی چیای کاچکار، جوانی سرووشتی ناوچەکەی بە رووێکی دیکەوە خستووەتە بەردیدی گەشتیاران و بە جۆرێک کە لە ھەر ناوچەیەکدا دیمەنێکی جوان دروستبووە.

لەگەڵ رۆژاوابوون و دروستبوونی رەنگی جیاواز لە چیاکانی کاچکار، گەشتیاران ھەست بەوە دەکەن کە لە سەرووی ھەورەکانەوەن.
راگری کۆلێژی زانستەکانی وەرزش لە زانکۆی ترابزۆن، پرۆفیسۆر فاتح بەکتاش لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە تورکیا خاوەنی جوگرافیایەکی دەوڵمەندە و چیاکانی کاچکار بە بەھایەکی گەورەی ئەو وڵاتە ھەژمار دەکرێ.
راشیگەیاند کە چیاکانی کاچکار بە ھێندەی چیاکانی ئاڵپ جوان و بەھادارە.