Muhammet Ali Kemal
03 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2016
ماڵاتیا - AA
لەسەرجەمی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا کە تائێستا لە دژی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە تورکیا ئەنجام دراون، ٤٥٤ کەس دەستگیرکراون، ٢٤ کەسیش لەلایەن دادگاوە سزادراون. ئەمە جگە لەوەی لەئۆپەراسیۆنەکانی ماوەی چوار مانگی رابردوودا لەو وڵاتە ٨٢٠ گومانلێکراو دەستبەسەرکراون و لەو ژمارەیەش ١٩٠یان دەستگیرکراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دەستیکەوتووە، لەسەرانسەری تورکیادا لەئەنجامی کارەکانی پۆلیس، جەندرمە و یەکینەکانی سەر سنوور لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی داعش دەستبەسەرکراون، چەندین دۆکیومێنت و ژمارەیەک پارچە چەک و بڕی تەقەمەنی رێکخراوەکە دەستیان بەسەردا گیراوە.
لەپاڵ ئەمانەشدا لە هێرشە جۆراوجۆرەکانەوە کە لەلایەن تورکیاوە لە رێگەی چەکی جۆراوجۆرەوە کراوەتە سەر داعش و لە پێنج هەزار و ٣٠٠ جاردا کە تێیدا تۆپ و ئار بی جی ٧ و جۆرەکانی دیکەی چەکی قورس تەقیون، ژمارەیەکی زۆر لە پەناگە و ئەو بینایانەی کە وەک بارەگا بەکاریان هێناوە لەناوبراون و ٣٧٠ تیرۆریستی سەر بەرێکخراوەکە کوژراون. لە ١٦٧ هێرشی ئاسمانییەکانیدا لە هەمان ئەو ماوەیەدا ٤٩٢ چەکداری داعش کوژراون.
لە رۆژی ١٩ی مانگی نیسانی رابردووشدا چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچەیەی بنکەی گەدوی لێیە لە نزیک شارۆچکەی باشیکی باکووری شاری مووسڵ. لەئەنجامی وەڵامدانەوەی هێرشەکەدا لەلایەن هێزکانی تورکیاوە و ٣٢ چەکداری تیرۆریستی رێکخراوەکە کوژران.