ئەنقەرە
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتیەکانی تورکیا (تانەر یڵدز) رایگەیاند، بەڕاستی نازانم باس لە ساردوسڕی پەیوەندیی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا بکرێت و گوتی: ھەڵسەنگاندنەکانمان لەسەر پرۆژە ھاوبەشەکانمان لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە داھاتوودا زیاتر دەبێت و بەردەوام ھەموو لایەکیش لەو ھەوڵانە ئاگادار دەکەینەوە .
یڵدز لە مەراسیمی کردنەوەی ٦ەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی وزەدا وتارێکی پێشکەش کرد و لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا رایگەیاند زۆر بوار ھەیە ھەردوو وڵاتی دۆست و دراوسێ لەسەری رێکبکەون.
ھەروەک ئاماژەی بەوەدا پڕۆژەکانی تورکیا لە باشوری بەغدا بەردەوامن و گوتی: پەیوەندییە بازرگانیەکان لەنێوان عێراق و تورکیا قازانجی زۆریان ھەیە بۆ ھەردوولا ھەیە.
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتیەکانی تورکیا لەبارەی رێکەوتنامە ئیمزاکراوەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستانەوە گوتی "ئێمە وەک تورکیا ھیچ لێدوان و تێبینیەکمان نییە لەسەر ئەو بڕگانەی دەستوری عێراقی کە بەو بوارەوە پەیوەستن".
زیاتر گوتی "ئێمە لەگەڵ ھەرێمی کوردستانی عێراق رێکەوتنامەمان ئیمزا کردووە و بەپێی ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی ناوەندی و ئیدارەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق لەسەدا ٨٣ی بۆ خەڵکی عێراق و لەسەدا ١٧ی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێ، ئێمەش ڕێز لەو رێکەوتنە دەگرین و ئەوەی لە سەر ئێمەیە پەیڕەوکردنی ئەو ڕێکەوتنەی نێوان ھەردوولایانە لە پرۆژەکانماندا".
یڵدز گوتی "لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ حوسێن شەھرستانی قسەمان کردووە و لە داھاتووشدا لەوبارەوە دووبارە کۆدەبینەوە".
لەبارەی راکێشانی بۆری نەوتیشەوە یڵدز رایگەیاند، ئێمە بەھیچ شێوەیەک دەست وەرنادەینە دیزاین و نەخشەکانی ئەو بۆرییە، مافی ئێمە نییە بڵێین ئەو بۆرییانە بە چ شوێنێکی عێراقدا دەڕۆن یان نا".
جەختیشی کرد، لەگەڵ عێراقدا رێکەوتنێکمان ھەیە بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق (جا چ لە باشور یان باکور) و بۆ ھەر بەرمیل نەوتێکیش بڕێک پارە وەردەگرین، بەدەر لەوە دەست وەرنادەینە ھیچ جۆرە کارێکی تەکنیکی لەناو عێراق.