Saad Hawrami
03 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2015
سەفین دزەیی لە لێدوانێكی دا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "ئێمە زۆر نیگەرانین كە وڵاتێكی وەكو رووسیا لێدوانێكی لەو شێوەیە لەسەر ناردنی نەوتی داعش لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە دەدات و ئەو زانیارییانەی حكوومەتی رووسیا راست نین و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو جۆرە لێدوانانە رەت دەكاتەوە".
دزەیی گوتی: "بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی زاخۆوە تا دەگاتە ئیبراهیم خەلیل هەمووی موڵكی هەرێمی كوردستانە و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بەرێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكانی بیانی بەتایبەتی ئەو كۆمپانیایانەی كە لە كێڵگەكانی نەوتی ناوچەی بادینان نەوت بەرهەم دەهێنن بەشێكی هەر زۆری لە رێگەی بۆرییەوە دەچێتە توركیا و بەشەكەی دیكەش لە رێگەی تانكەرەوە رەوانەی توركیا دەكرێت".
سەفین دزەیی دەڵێت: "ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان دەی فرۆشێت هیچ پەیوەندییەكی بە داعشەوە نییە و هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەموولایەك شەڕی داعش دەكات بە هەموو شێوەكانیەوە و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش هێزی سەرەكییە كە شەڕی داعش دەكات و تێكیشكاندووە بەوەش نە ئەقڵ و نە مەنتق قبووڵی دەكات كە هەرێمی كوردستان رێگە بدات كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئەو نەوتەی بازرگانی پێوە بكرێت و سوودەكەی بگاتە دەستی داعش".
سەفین دزەیی ئەوەشی روونكردەوە "ئەو زانیاریانە و سەرچاوەكانی ئەو زانیاریانە كە باس لە رۆیشتنی نەوتی داعش دەكەن سەرچاوەی هەڵەن و هیوادارین هیچ لایەنێكی دیكەش هەنگاوی هەڵە لەسەر زانیاری هەڵە هەڵگنەگرێت".
دزەیی گوتی: " ئێمە بە هەموو شێوەیەك ئەو تۆمەتانە رەت دەكەینەوە، چونكە ئەو نەوتەی كە لە رێگەی زاخۆوە دەچێتە توركیا ئاشكرایە و هیچ پەیوەندییەكی بە هیچ لایەنێكی دیكەوە نییە".
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "لە هەولێری پایتەخت كونسوڵگەری رووسیا هەیە و ئێمە داوای روونكردنەوەی زیاتریان لێ دەكەین لەسەر ئەو بابەتە".
دزەیی گوتیشی: "پەیوەندی هەرێمی كوردستان و رووسیا پەیوەندییەكی باش و دۆستانە بووە و كۆمپانیاكانی رووسیاش لە بواری نەوت دا كار دەكەن و هیوادارین حكوومەتی رووسیا بە زانیارییەكانی خۆی دا لەو بوارەدا بچێتەوە بەر لەوەی هیچ لایەنێك تووشی هیچ هەڵەیەك ببێت".