hemn husain
03 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2015
قەزای مەخموور بە دووری ٥٦ كیلۆمەتر دەكەوێتە خۆرئاوای پارێزگای هەولێر و لەلای رۆژهەڵاتیشی بە دووری ٥٥ كیلۆمەتر ناحیەی سەرگەڕان هەیە كە هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگاكانی مووسڵ و كەركووك و تكریت، خەڵكی ئەم قەزایە چاوەڕوانی جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیانن، لە رووی نەتەوەییەوە بە شێویەكی سەرەكی دانیشتووەكانی كوردن بەڵام بە هۆكاری سیاسیی و كۆمەڵایەتییەوە چەند گوندێكی عەرەب لە ناوچەكە دروست بوون بە تایبەتی لە هەردوو شارەدێی قەراج و گوێڕ.
لە ئێوارەی ٦/٨/٢٠١٤ ئەم قەزایە لەلایەن چەكدارانی داعش داگیركرا و دوای سێ رۆژ لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە كۆنترۆڵ كرایەوە و دوای ئەوەیش هێزێكی زۆری پێشمەرگە لەم میحوەرە جێگر كران.
بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی پێشمەرگە لەم میحوەرە و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ چەكدارانی داعش و توانای هێزەكانی پێشمەرگە لە رووی چەك و پێداویستی سەربازییەوە، بەرپرسی میحوەری مەخموور نەجات عەلی لە چاوپێكەوتنێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەبارەت بە پێداویستییەكانی جەنگ، هێزەكانی هاوپەیمانان جگە لە پێدانی چەك و تەقەمەنی زیاتر، پێویست بوو چەكی قورس بدەن بە هێزەكانی پێشمەرگە و لە هەندێك بواری دیكەشدا هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگە بكات وەكو ئەندازیاری و پزیشكی دادی و پاڵپشتیی و پەیوەندییەكانی گەیاندن چونكە پێشمەرگە پێویستی بە چەكی قورس هەیە بۆ رووبەڕوونەوەی چەكدارانی داعش".
سەبارەت بەو رووبەرەی كە بووەتە سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە بەرامبەر چەكدارانی داعش، نەجات عەلی گوتی: "نزیكەی ١٠٠ كیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ داعش هەیە هەروەها تا ئیستا نزیكەی ١٠٠ گوندمان ئازاد كردووە كە كوردنشینن و هەندێك گوندی عەرەبنشین ماون كە لە سنووری جوگرافیایی هەرێمی كوردستانن و ئەو گوندانە پێشتر كەوتبوونە بەر شاڵاوی تەعریب، چونكە حكوومەتە یەك لە دوایەكەكانی عێراق بەهۆی تەعریب كردنی گوندەكان دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەی شێواندووە و پێویستە ئێمە سنوورەكانی خۆمان دیاری بكەینەوە".
سەبارەت بە بوونی راوێژكاری سەربازی بیانی و تیمەكانی جۆراوجۆر لەم سنوورە نەجات عەلی گوتی: "راوێژكاری سەربازی لەم سنوورە نییە تەنیا دوو تیمی ئەمریكا لێرەن بەناوی سپێشەڵ فۆرسس و تیمێكی دیكەش هەیە كە لەگەڵ تیمی سوپای عێراق خەریكی نەخشەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكردنی مووسڵن و تیمێكی تر هەیە كە خولی فریاكەوتنی سەرەتایی بۆ پێشمەرگەكان كردۆتەوە".
بەرپرسی میحوەری گوێڕ پێی وایە حكوومەتی عێراق هێزێكی تۆكمە و مەشقپێكراوی ئامادەی نییە بۆ بەشداریكردن لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكردنی شاری مووسڵ و ئەوەشی ئاشكرا نەكرد كە كورد بە چی مەرجێك بەشداری ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ دەكات و، گوتی: "تا ئێستا ئاشكرانەكراوە كە كورد بە چی مەرجێك بەشداری دەكات و ئەوە لەسەر ئاستی سەركردایەتی و جەنابی سەرۆك لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان و حكوومەتی عێراق رێككەوتنێك كراوە بەڵام لە ئێستا حكوومەتی عێراق هێزێكی تۆكمەی نییە كە بتوانین ئۆپەراسیۆنەكە دەست پێبكەین".
بەپێی ئامارەكانی میحوەری مەخموور، لەسەرەتای دەست پێ كردنی شەڕ لەم ناوچەیە تا ئێستا ٣٦٤ قوربانی هەیە، كە لەم ژمارەیە ٥٢ شەهید و ٣١٢ بریندار كە لەناو بریندارەكاندا ٢٥ بریندار كەمئەندام بوون و، ٢٥ پێشمەرگەش لە ئەنجامی هێرشی كیمیاوی بریندار بوون و، لە بەرامبەردا ١٥٠ تەرمی داعش كەوتووەتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە و، ٣٠ ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕ و، ٣٠ ئۆتۆمبێلی ئاسایی و٣٠ دۆشكە و زیاتر لە ٦ هاوەنی ١٢٠ ملم و ٨٢ ملم كەوتووەتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە.
سەبارەت بە توانای چەكدارانی داعش لەسەرەتای دەست پێ كردنی شەڕ تاكو ئیستا، بەرپرسی میحوەری مەخموور گوتی: "داعش لە میحوەری گوێڕ بۆ ماوەی حەوت مانگ شەڕێكی قورسی كرد بەڵام لە مانگی شوبات بەدواوە رووی لەلاوازی كرد و توانای كەم بۆوە، بەڵام داعش هێزێكە توانای خۆ رێكخستنەوەی هەیە و تاكتیك بەكاردەهێنێت".
سەبارەت بە پرسی هێزەكانی بەشداربوو لە شەڕی دژ بە داعش و بەتایبەت كە ژمارەیەك هێزی پەكەكە نیشتەجێی ئەم ناوچەیەن، نەجات عەلی گوتی: "جگە لە هێزەكانی پێشمەرگە هیچ هێزێكی تر بەشداری ئۆپەراسیۆنەكان ناكات و تەنیا كەمپێك هەیە كە نزیكەی ١٠ هەزار كەسی تێدایە ژن و منداڵی كوردانی باكوورن و هەندێك چەكداری پەكەكەش لەم شوێنە هەیە بۆ پاراستنی كەمپەكە".
ئەو بەرپرسە پێی وایە كە فڕۆكەكانی هاوپەیمانان رۆڵیان هەیە لە پاشەكشەكردنی چەكدارانی داعش و لەم بارەیەوە گوتی: "داعش هەتا ماوەیەك پێش ئێستا چاوی خستبووە سەر گوندی سوڵتان عەبدوڵڵا چونكە ئەم ناوچەیە بۆ داعش ناوچەیەكی ستراتیجییە و كاریگەری بۆ سەر مووسڵ و گەیارە هەیە، بەڵام ئێستا هێزەكانیان بە هاوسەنگی دابەش كردووە و هێڵی پەیوەندیشیان لاوازكردووە و گەڕاونەتەوە دواوە لە ترسی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان".