دیاربەکر
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گێژەڵوکەیەکی توند لە باشووری رۆژھەڵاتی تورکیا ھەڵیکرد و لەگەڵ خۆی تەپوتۆزێکی زۆری بە ئاراستەی سوریا لەسەر ئەو ناوچەیە ھەڵکرد و کاری کردە سەر ژیانی شارەکانی دیاربەکر، ماردین، باتمان و نوسەیبین.
بەھۆی ئەو خۆڵبارینەوە بەتایبەت لەناوەندی شارەکان مەودای بینین کەم بوویەوە و کێشەی لە ھاتوچۆ پەیدا بوو، پسپۆرانیش ئاگاداریی بەساڵاچووان، منداڵان و پەککەوتەکان دەکەن لە ماڵەوە نەیەنە دەرەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی کەشناسی، ئەو تەپوتۆزە تا سبەی یەکشەممە بەردەوام دەبێ و رۆژی دووشەممە کەش و ھەوا ئاسایی دەبێتەوە.
ھەروەھا ئەو تۆز و بڵخاخە کاریگەری خراپی کردۆتە سەر گەشتی ئاسمانیی نێوان ماردین-ئیستەنبوڵ و ئیزمیر-ماردین کردووە. ئەو فڕۆکانە بۆ ئەوەی بنیشنەوە ئاراستەی فڕۆکەخانەی دیاربەکر کراون.