دیاربەکر
دوای تێپەربوونی ٢١ ساڵ بەسەر کوژرانی (موسا ئاتەر) و بریندارکرانی (ئۆرھان میرئۆغلو) دەست بە دادگاییەکەی دەکرێت. گومانلێکراوان (حەمید یەڵدرم) و (ساڤاش گەڤرەکچی) ئامادەی دادگاییەکە بوون, لە کاتێکدا گومانلێکراو (عەبدولقادر ئایگان) ئامادە نەبوو بێتە بەردەم دادوەر.
دادگاییەکە بە خوێندنەوەی ٣٠ لاپەرَە لە سکاڵانامە تۆمارکراوەکە دەستیپێکرد.
زەرەرمەندی رووداوەکە خێزانی نووسەر (موسا ئاتەر) و منداڵەکانی و (ئۆرھان میرئۆغلو) داوای بەشداریکردنیان کرد لە دادگاییەکەدا. سەرەڕای خەسارەتمەندبوونیان دادوەر چاوی بە داواکارییەکەدا خشاندەوە.
سەرۆکی دادگا وەبیر (ساڤاش گەڤرەکچ)ی ھێنایەوە کە لەکاتی رووداوەکە ئەو بەرپرسی ناوچەکە بووە و چەند تۆمەتێکیشی دراوەتە پاڵ. گەڤرەکچ وتی"من ئەوکات جێگری فەرماندەی جەندرمەی دیاربەکر بووم، لە کاتێکدا خۆم فەرماندەی فرقەی ھەواڵگری ٣ی جەندرمەی دیاربەکر بووم".
(ئۆرھان میر ئۆغڵو) نەیتوانی کۆنترۆڵی فرمێسکەکانی بکات و گریا
میرئۆغلو لەکاتی باسکردنی رووداوی برینداربوونەکەی و گیان لەدەستدانی عەنتەر بە چاوی پڕ فرمێسکەوە وتی"نێوانمان زۆر خۆشبوو لەگەڵ عەنتەر. عەنتەر لە ٢٠ی ئەیلولی ١٩٩٢دا بۆ بەشدارییکردن لەبۆنەیەکی کەلتووریی لەئیستانبوڵەوە ھاتبووە دیاربەکر. لە ھۆتێلەکەیدا پێیان وتبوو میوانی ھەیە. ئەو کەسەی ھاتبوو خۆی بە "دژوار" ناساندبوو. ئەوان لەمن جیابوونەوە و رۆیشتن بۆ ئەو شوێنەی کە چاوپێکەوتنیان ھەبوو.
میر ئۆغڵو درێژەی پێدا "ئەو کەسەی ھاتبوو بەدوای (عەنتەر) دا لەکورسی دواوە دانیشت. چووینە (سەیران تەپە) و لەوێوە بە ئاراستەی (بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوەی ئاو) کەوتینە ڕێ. لەو کاتەدا من پرسیم بۆ کوێ دەرۆین؟". ئەو کەسەی لەگەڵمان بوو وتی"بەرەو پێشمەرگەکانی رێگەی سیلڤان".
"بەردەوام بووین لەرێگەرۆیشتن. پاشان ئۆتۆمبیلەکەمان راگرت و بە پێ رۆیشتین. کاتێک عەنتەر نەیتوانی چاوی بەو کەسانە بکەوێ کە پێویست بوو بیانبینێ زۆر تووڕەبوو. بە منی وت "با ئێمە برۆین". دواتر بەردەوام بووین , ئەو کەسەی ئێمەی لە ھۆتێلەوە ھێنابوو لە پێشمانەوە دەرۆیشت. لەناکاو رووی وەرچەرخاندو تەقەی لە ھەردووکمانکرد. نەمزانی چۆن چەکی دەرھێنا. من کەوتمە سەر دەم و ویستم ھەستمەوە و راکەم بەڵام ھات و چەن گوللەیەکیتری نا بە پشتمەوە. کاکە عەنتەریش بەسەر دەمدا کەوتبوو. لەو کاتەدا ئەفسەرێک ھات و گەیاندمیە نەخۆشخانە و ژیانی رزگارکردم ..... ھیچیترم لەیاد نییە.
میرئۆغڵۆ ئاماژەی بەوەشکرد جارێکی دیکە لەعەنتەری پرسیوە بۆ کوێ دەچن, عەنتەر لە وەڵامدا وتوویەتی "گروپێکی زۆر دڵسۆز ھاتوونەتە ئێرە, دەیانەوێ لەگەڵ (پە کە کە) رێبکەون. بۆیەش زوو ھەموو شتێکم پێنەگوتی تا نەبیتە بەربەست لەبەردەم ھاتنمان بۆ ئێرە، ئێمە تەڵەمان بۆ نرابۆوە بەڵام درکمان پێنەکردبوو".
زیاتر قسەی بۆ دادگا کرد " دوای رووداوەکە لەساڵی ٢٠٠٩دا ئەفسەرێکی ئاسایشی ئیستانبوڵ ھاتە لام و وتی گوایە دۆسێکەی عەنتەر دووبارە ھەڵدراوەتەوە. وێنەیەکی (حەمیدیەڵدرم) ئەو کەسەی وا تەقەی لێکرین پێ نیشاندام لەساڵی ٢٠٠٥دا گیرابوو. منیش وتم ناسینەوەی زەحمەتە دوای ئەو ھەموو ساڵە داوای وێنەیەکی کۆنترم لێکردن. ساڵی رابردوو وێنەیەکی کۆنتری ھەمان کەسم بینی لەگەڵ بینینی یەکسەر شوێن و چۆنیەتی رووداوەکەم کەوتەوە بیر".
کاتێک دادوەر لە میرئۆغڵوی پرسی "عەنتەر بۆ تۆی لەگەڵ خۆی بردە ئەو شوێنە؟" میرئۆغڵو وەڵامیدایەوە" ئاخر من عەنتەر داوەتی ماڵی خۆمان کردبوو. ئێمە ئەورۆژە بەیەکەوە بووین".
گومانلێکراو (حەمید یەڵدرم)یش پێداگری کرد لەسەر نەبوونی ھیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئەوو رووداوەکەدا وتی" من تاوانم بۆ ھەڵبەستراوە, بە ھیچ شێوەیەک ئەم دوو کەسە ناناسم. کوشتن کاری من نییە. ھەردوو رۆژنامەنووس (عەبدولڕەحمان شیمشەک) و (عەبدولقادر ئایگان) کە منیان بە بکوژی عەنتەر داناوە, درۆیانکردووە"
لەکۆتایی دا یەڵدرم وتی" من ئاگاداری ئەوە بووم کە کەسێک بەناوێکی ساختەییەوە ئەوانی بەرەو (سەیران تەپە) برد.چونکە خۆم ئۆتۆمبێلەکەم لێدەخوڕی. ئێمە بەر لەوەی بچینە نەقلیات بەرەو رێگەی (ئێرگانی) رۆیشتین. ئەوە بوو (میرگول) وتی بۆ کوێ دەچن؟ دوای ئەوە بە منیان وت بگەرَێوە.منیش بەرەو رێگەی (سیلڤان)ەوە گەرامەوە, لە گەرانەوەمدا ٣ کەسم بینی بەرەو سەرەوە دەرۆیشتن. من ھیچ شتێکیتر نازانم دەربارەی رووداوەکە"
دەستەی دادوەرانی دادگاییەکەدوای وەرگرتنی قسەی ھەر دوو لایان، دانیشتنەکەی دواخست بۆ سبەینێ .