ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە خوانێکی بەیانیدا لە کۆشكی چانکایا لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوچەکانی کوردنشین کۆبوویەوە.
داودئۆغڵو لە كۆبوونەوەكەدا گووتەیەكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بە دۆخی ئێستای توركیا كرد و بە كاتێكی زۆر گرنگ و هەستیاری وەسف كرد و ئاماژەی بە هەڵبژاردنی حەوتی حوزەیران دا كە نوێنەرایەتیەكی گشتگیری بردە ناو پەرلەمان و ئاماژەی بەوەشدا كە دوای ئەوە لە هەر لایەكی وڵات ئاشتی و خۆشگوزەرانی باڵی بەسەر توركیادا كێشا و گوتی: "رەمەزان هەموو خاوەن دین و ئەتنیكە جیاوازەكانی پێكەوە كۆكردەوە، روحێكی هاوبەشی دروست كرد، دواتریش خۆشی جەژنی بەدوادا هات، بەڵام لەو ساتەدا دوای رۆژێك، لە ٢٠ی تەمموزدا، دوای هێرشە تیرۆریستیەكەی سەر سروج. تەنیا كەسوكاری ٣٢ قوربانیەكە جەرگیان نەسووتا، بەڵكو جەرگی هەموومان سووتا، لەو رۆژەوە لەنێوان ئەوانەی كە خوازیاری قوڵكردنەوەی توندوتیژین لە توركیا لەگەڵ ئازادیخوازان و پارێزەرانی سیستەمی گشتیدا رووبەڕووبوونەوەیەكی شێلگیرانە هەیە. لە دۆخێكی وا هەستیاردا، بەباشمان زانی كە لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیدا كۆبینەوە.
كورد و عەرەب و سوننە و عەلەوی هەموو پێكەوە ژیاوین، ئێمە ئەو سەردەمە وەك گەنجانی زانكۆ بەرامبەر ئەم هەڵوێستانە و بیروڕا جیاوازانە وەستاینەوە، بەرامبەر بەو یەك رەنگخوازانە ماوەی ١٣ ساڵ هەوڵی یەكخستنەوەی ئەو جیاوازانەمان دا، هەوڵماندا كە دڵەكان پێكبێنینەوە، جیاوازیەكان یەك بخەینەوە بەڕێزەوە. لە ناواخنی پرۆسەی چارەسەریشدا ئەمە هەبوو. لە ئەسڵی پرۆژەی یەكریزی میللی و برایەتیدا، لە پرۆژەی بەدیموكراتیزەبووندا ئەمە هەبوو. ئێستاش جیاكاری و شەڕوپێكدادان لێرە هەیە.
بیریان چوویەوە كە فەقێی تەیران و یوونس ئەمرە هەمان فەلسەفەیان بە زمانی جیاواز دەربڕیەوە، هەرچەندە وەك كلاسیكیش ناویان دەبرێت، قسە لەسەر جیاوازیەكانی ئەحمەدی خانی و حەزرەتی مەولانا دەكرا نەك لێكچوونەكانیان، قەدەغە هەبوو. ئێستاش بیرمە كاتێك ویستم منداڵەكەم ناو بنێم لە ساڵی ١٩٨٨ دا لەبەر ئەوەی ناوی مەیمونە لە توركیادا نەبوو، بەڕێوەبەری رەگەزنامە سەیری ناوچاوی كردم و گوتی دەبێت بیگۆڕی، هەموومان ئەمانەمان بینی".