ئەنقەرە
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە بێ ئەوەی حکوومەتی ناوەندی عێراق نیگەران بێ، دینامیکی وزەی ئەنقەرە ھەولێر تا چەند بەرەو پێشەوە دەڕوات؟ گوتی: "ھیوادارین بەغدا و ھەولێر بەبێ ئەوەی کێشەکە کاریگەری لەسەر تورکیا ھەبێ، یاسای دەسەڵات، وزە و سەرچاوەکان چارەسەر بکەن."
داودئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم گەورەبوونی ئابووری تورکیا، پێویستی وزەیە و گوتی: "نەخشە بۆ دواڕۆژی تورکیا دادەنێین، بۆ ئەوەی تورکیا ببێتە ١٠یەمین وڵاتی ئابووری جیھان و خاڵە بەھێز و لاوازەکانی دەزانین. ھێزی ھەرە گەورەمان ھێزی مرۆڤە، لاوازیشمان کەمی وزەیە. بۆ ئەوەی ھێزی مرۆڤ بخەیتەگەڕ چی پێویستە، وەکو بەندی پێشینان دەڵێ (ھەموو رێگاکان دەچنە رۆما) وایە، ئێمە دەخوازین ھەموو بۆڕیەکانی وزە بەناو جوگرافیای ئانادۆڵودا تێپەڕبن."
داودئۆغڵو رایگەیاند، ئەوان خوازیارن ھەموو بڕیارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران ھەڵبگیرێن، چونکە ئەمە نرخی وزە دادەبەزێنێ، بوار بۆ تورکیا دەڕەخسێنێ لە وڵاتێکی دراوسێی کە خاوەن زۆرترین بڕی غازی سروشتیە لەجیھان، وزە بە ھەرزانترین نرخ بەدەست بھێنێ.
داودئۆغڵو لەوبارەیەوە گوتی: "کامە وڵات لە ئێمە زیاتر دەخوازێ ئاشتی لە عێراق بەرقەرار ببێ؟ ئێمە تەنیا ناخوازین سەیری باکووری عێراق بکەین. بەڵکو دەخوازین وزە و نەوتی بەسڕاش بە ھێڵی باکوور بگاتە ئەوروپا." داودئۆغڵو پێیوایە چەند ئەکتەرێک ویستان بەشێکی کێکی وزەی ھەولێر بۆ خۆببەن، بەڵام لەبەر ئەوەی تورکیا ھەرە نزیکیان بوو، بڕیاریاندا ئەو ھێڵە بە تورکیادا بڕوات.
داودئۆغڵو باسی سەردانی خۆی بۆ تاران کرد کە چۆن ھەستی بە پیسبوونی ژینگە کردووە، بەبیری ھێنایەوە کە تورکیا سەرەڕای کەمی وزە دیسان غازی سروشتی بەکاردەھنێت، ئەمەش بۆ پاراستنی خەڵکی تورکیایە و گوتی: "وڵاتێک کە رووبەڕووی تابڵۆیەکی بەم شێوەیە ببێتەوە و زەمینەی بوونە وڵاتێکی سوپەری تێداھەبێ، ئایا سەیری پێکدادانە بچووکەکانی باکووری عێراق دەکات؟ ئەگەر ئەمڕۆ دوو سەرکردە ھەیە بۆ ئەوەی ھەولێر و بەغدا لەیەکتری تێبگەن، ئەوا سبەی زۆرێک لە سەرکردەکان لەیەکتری تێدەگەن، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ ئەو وڵاتە دیاریبکرێت کە وزەی پێ دەگوازرێتەوە، مومکین نییە ئەمە بەئاسانی بگۆڕدرێ. لە جۆرجیا چەند بەڕێوەبەرایەتی گۆردران، بەڵام ھێڵی گواستنەوەی وزە بە بۆڕی باکو – تفلیس – جەیھان درێژەی ھەیە. بۆیە دەبێت سەیری ئەو شتانە بکەین کە ناگۆردرێن. رۆژگار داوا دەکات ھەولێر و بەغدا کێشەکانیان بەلاوە بنێن، بەڵام تا ئەو کاتە لەگەڵ باکووری عێراق ھاوکاری وزە درێژە پێدەدەین."
لەربارەی پرسیاری ئەوەی ئایا مومکینە بە ناسنامە گەشتیاری و پەرەپێدانی ئابووری لەگەڵ باکووری عێراق بکرێ؟ داودئۆغڵو رایگەیاند، بێ واتا کردنی سنووری نێوان تورکیا – عێراق، وەکو یەکێتی ئەوروپا مرۆڤ ھەست بە چ جیاوازیەک نەکات پێویستیە. لەمبارەیەوە گوتی: "شێوازی نا دیموکراتیانە کە لەژێر ناوی پاراستنی سنوور دەکرێت، کاریگەری لەسەر تورکیا ھەیە، یان ئەگەر لە عێراق شەڕ روویدا کاریگەری لەسەر ئێرە دەبێت". ھەروەھا رایگەیاند ئەو گفتوگۆیانەی لەبارەی کەرکووک و دیاربەکر دەکرێن رەمزیە و لەجێگای خۆیدا نییە.
داودئۆغڵو رایگەیاند کە نابێ کەس چاوەڕێ بکا تورکیا کوردانی عێراق پەروەردە بکات یان فشاریان بخاتەسەر. لەمبارەیەوە گوتی: "شەڕی کورد – تورک لەو جوگرافیایە روونادات، ھەڵوێستی سەرەکی ئێمە رێگرتنە لە شەڕێکی بەم شێوەیە. چونکە کورد، تورک و ئەتنیکەکانی دیکەش وەکو ناوەندە مەزھەبیەکانی دیکە ئەندامی سەرەکی یەک وڵاتن و ئەندامی دامەزرێنەری کۆمارن. ئەو ئەندامە سەرەکیانە لەناو تورکیا چەند بە ئاشتی بژین، ئەوەندە ئاشتی لە بەڵقان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرقەرار دەبێ. بە پشتیوانی خودا رۆژێک ئێوە، چۆن بە ناسنامە دەچنە جۆرجیا، بە ھەمان شێوە دەچنە ھەولێر."