ھەولێر
ناکۆکییەکانی نێوان بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە شارەکە شوێنەواری خراپی لەسەر رەوشی ئەمنی شارەکە بەجێھێشتووە و بەرپرسی ئاسایشی پارتیش داوای لێپرسینەوە لێیان دەکا.
بەرپرسی ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک لیوای مافپەروەر ھەڵۆ نەجات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ AA گوتی: "فرەیی دەزگا ئەمنییەکانی کەرکوک و نەبوونی ھەماھەنگی لەنێوانیاندا لەگەڵ ناکۆکیی بەرپرسانی یەکێتی و پارتی لە شارەکە ھەموو ئەوانە شوێنەواری خراپییان لەسەر رەوشی ئەمنیی شارەکە داناوە."
لەپاش ھێرشەکەی چوارشەممەی رابردووی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بۆ سەر دەزگای ھەواڵگریی عێراق لەکەرکوک و داگیرکردنی بەشێکی بۆ ماوەیەک، بۆ یەکەمین جارە بەرپرسێکی ئاسایش ئەوە ئاشکرابکا زانیاریی پێش وەختە لەسەر ئەو ھێرشە دراوەتە پۆلیس، بەڵام بەھۆی نەبوونی ھەماھەنگیی نێوان دەزگاکانی ئاسایشی شارەکە کاری پێنەکراوە.
ھەڵۆ نەجات گوتی: "سوپای عێراق پێش وەختە لەسەر ھێرشەکە زانیاریی بە دیکیۆمێنێت بە پۆلیسی کەرکوک داوە، بەڵام زانیارییەکان پشت گوێ خراون."
بێ ئاگایی خۆشی نیشان دا لە بوونی پەیوەندی لەنێوان ھەردوو ھێرشەکەی مانگی دەی ئەمساڵ بۆ سەر بارەگای ئاسایشی ھەولێر و ھێرشەکەی چوارشەممەی رابردووی سەر دەزگای ھەواڵگری کەرکوک، بەڵام پێی وایە ھەردوو ھێرشەکە لەیەک دەچن و پێیوایە مەبەست لەھێرشەکەی کەرکوک شکاندنی ھەیبەتی حکومەت بوو.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو شەش کەسی خۆکوژ لە ئەندامانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ھێرشیان کردە سەر باڵەخانەی ھەواڵگری کەرکوک و یەکێکیان لە بەردەم بیناکە بە لۆرییەکەوە خۆی تەقاندەوە، پاشان سێ لەخۆکوژەکان توانیان دزەبکەنە نێو بارەگەکە و پاش ماوەیەک خۆیان تەقاندەوە و دوو لەو ھێرشبەرانەش خۆیان ناو باڵەخانەی جەواھیر مۆڵ قایمکرد کە بینایەکی نزیکی بارەگاکەیە و بۆ ماوەیەک چەند کەسێکیان بە بارمتە گرت و دواجار ١٢ی شەو خۆیان تەقاندەوە.
لە سەرەتای رووداوەکەدا بەقسەی ئەو بەرپرسە، ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان و پۆلیسی قەزا و ناحییەکان رووبەرووی تیرۆریستان بوونەتەوە و دواتر فەرمانی پاشەکشەیان پێکراوە، پێچەوانەی ئەو قسانەشی دەکرێ گوایە کردەکە پاش نیوەڕۆ ئەنجامدراوە و دەڵی ھێرشەکەی تیرۆریستان سەعات ٩ی بەیانی دەستی پێکردووە کاتێ بۆمبێکی چێنراو بە سێ تیرۆریست لەنێو ئۆتۆمبیلەکەیاندا دەتەقێتەوە و یەکێکیان دەکوژرێ و دووی دیکەش برینداردەبن.
لەبارەی قۆناغی دووەمی ھێرشەکەشەوە کە بۆ سەر بارەگای دەزگای ھەواڵگری بووە لەو شارەکە گوتی: " ھێرشەکە سەعات ١:١٧ی پاش نیوەڕۆ دەستی پێکردووە کاتێ خۆکوژێک لۆریەکی مینرێژکراوی لەپێش بارەگای دەزگای ھەواڵگری تەقاندەوە، پاش پێنج خولەکیش سێ تیرۆریستی دیکە چوونەتە نێو بارەگاکە و نھۆمی یەکەمیان داگیرکرد، ھێزەکانی ئیمە و پۆلیسی قەزا و ناحییەکان گەیشتنە جێگەکە و لە شەڕێکی دوو سەعاتیدا بیناکەیان پاک کردەوە و ھەر سێ تیرۆریستەکە لەنێو بیناکەدا خۆیان تەقاندەوە."
بەپێی قسەکانی ھەڵۆ نەجات تا ئەوان رووبەرووی تیرۆریستان بوونەتەوە کارەکە زوو کۆنتڕۆڵکراوە، ھەرچی قۆناغی سێھەمی ھێرشەکەیە کە زۆرترین بەرگری لەلایەن تیرۆریستەکانەوە پیشاندرا، بەرپرسەکەی ئاسایشی پارتی لەکەرکوک گوتی: "دوو تیرۆریست چوونە ناو بازاڕی جەواھیر مۆڵی نزیک باڵەخانەی ھەواڵگری و تەقەیان لە ھیزەکانمان کردووە، بەڵام لە لایەن فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوکەوە بڕیاردرا ھیزەکانی ئاسایشی پارتی پاشەکشە بکەن و بەڕێوەبردنی کردەکە درایە دەستی پۆلیسی ئامادە."
لیوا ھەڵۆ لەبارەی رەگەزنامەی تیرۆریستەکانیشەوە گوتی: " ھەموویان جەستەیان پارچە پارچە ببوو و ھیچیان ناسنامەیان پێ نەبووە."
بەھۆی ئەوەی یەکێکە لەناوچە سەرەکییەکانی کێشە لەسەر لەنێو ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند لە عێراق، لە کەرکوک ھەردوو حکومەت دەزگا و ھێزی ئاسایشی جیاجیایان ھەیە، نەبوونی ھەماھەنگیی لەنێو ئەو دەزگایانە و فرە نەتەوەیی لە کەرکوک وایکردووە چالاکی رێکخراوە توندڕەوەکان لەوێ ئاسان بێ.
بە ژمارەش ئاماری بەشێک لەو ھێزانەی خستەڕوو و گوتی : "١٥ ھەزار پۆلیس لە کەرکوک ھەیە، بەڵام ھێشتا داوای زیاتر دەکرێ، ھیزەکانی سۆپا ٢٠ ھەزار کەس دەبن، لەگەڵ ١٢ ھەزار کەس لە ئەندامانی ھێزەکانی سەحوە کە لە دەرەوەی شارن، بەلام ھیچ کام لەو دەزگایانە ھەماھەنگییان لەگەڵ ئەوانی دیکە نییە."
ھەڵۆ نەجات لەگەڵ ئەوەی دەڵێ لەگەڵ ئاسایشی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لەکەرکوک ھەماھەنگییان ھەیە ھەرچەندە دوو بەڕێوەبەرایەتی جیاوازن، ھاوکات رەتیشی دەکاتەوە حزبایەتی لەکارەکانیاندا بکەن.
گلەیی لەو دوو ئاسایشییەی یەکێتی و پارتیش دەکا و دەڵێ: " بەداخەوە بە ھۆی دوو بەشیمان، خەڵک بە حزبی دەزانێت و منیش پیم باش نییە وا بیت، ئیمە وەک حکومەتی ھەریم لە کەرکوکیین، بەڵام خۆزگە یەک دەزگا بووایە."
پێشیوایە ناکۆکیی نێوان بەرپرسانی یەکێتی و پارتی لەکەرکوک کاریگەری خراپی لەسەر رەوشتی ئەمنی بەجێ ھێشتووە و ئەو ناکۆکییەش بە قوڵ ناودەبات.
ھەروەھا دەشڵێ: "پێمباشە لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێمەوە لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسان بکرێ."
بەرپرسی ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکەرکوک لەکۆتایی قسەکانیدا گوتی: "ھەموو رۆژ و سەعاتێک ھەڕەشەی دووبارەبوونەوەی ئەو ھێرشە لەکەرکوک ھەیە، چونکە ھێشتا کەموکوڕیی ئەمنی زۆر ھەیە."