وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو ئەمڕۆ بووە میوانی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو و وەڵامی پرسیارەکانی سەرنووسەرانی ئاژانسی لە بارەی چەندین بابەتی گەرمی تورکیا و ناوچەکەی دایەوە.
لە بارەی قەیرانی سوریاوە داودئۆغڵو گوتی: "لەبارەی قەیرانی سوریاوە جەنگی دەروونی لە بەرامبەر تورکیا دەکرێ و بانگەشەی ئەوە دەکرێ گوایا تورکیا پشتگیری لە گروپە چەکدارەکانی سوریا دەکا. پەیەدە و قاعیدە لە سوریا بۆ سەر ئاسایشی تورکیا ھەڕەشەن."
داودئۆغڵو لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی: "رژیمی سوریا وەکو تیرۆریست سەیری ئۆپۆزسیۆن دەکا و بۆ سەرکوتکردنی ھەر جۆرە توندوتیژییەک بەکار دێنێ و لە ژێر ناوی شەڕی دژە تیرۆردا دەیەوێ رەوایی بداتە ھێرش و توندوتیژییەکان."
داودئۆغڵو گوتی: "دەبێ لە سوریا حزبوڵا و ھەمووی بێیانییەکان دەربکرێن، چەند ھێز و لایەنێک لە بەرامبەر سوریا شەڕی نەفسی لە دژی تورکیا دەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایا تورکیا پشتگیری لە گروپە چەکدارەکان دەکا."
لە بارەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە شام و عێراق داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە باکوری ئەو وڵاتە بەھێز بوو ئەو کاتە داعش دەرکەوت، داعش لە پشتەوە پەیوەندی لەگەڵ رژێم ھەیە، بە ھۆی کردارەکانی ئەو گروپە چەکدارانەوە رژیمی ئەسەدیش ھار بووە و توندوتیژی پەیڕەو دەکا.
داودئۆغڵو جەختی کرد، دەبێ ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەشداری لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ بکا، ھەروەھا پشتگیری لە بەشداریکردنی ئێران لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ دەکەین.