Hemın Othman Mohammed
10 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2016
دوای وەرزی زستان و كۆتایی هاتنی بەفر و سەرماوسۆڵە، لە چیاكانی ئانادۆڵو زەوی بوژایەوە و وەك مژدەیەک بۆ هاتنی وەرزی بەهار گوڵی نەورۆزی رەنگاورەنگ دەركەوتن.
هەموو ساڵێك لە ناوەڕاستی مانگی ئاداردا، لەگەڵ توانەوەی بەفری سەر چیاكان، گوڵەكانی نەورۆز لە قەدپاڵی چیاكان سەر دەردەهێنن. ئەمساڵیش بەهۆی ئەوەی كە پلەكانی گەرما لەم وەرزەدا ئاسایی بوو، گوڵەكانی نەورۆز لە ناوچەكانی خۆرهەڵاتی توركیا زووتر كرانەوە.
لە ناوچەی بایتارباغی سەربە شارۆچكەی دارەندەی پارێزگای ماڵاتیا، كە وەك نەریتێك "كۆكردنەوەی نەورۆز" ئەنجام دەدرێت، ئەمساڵیش بە بەشداری منداڵان لە بەرزاییەكانی ناوچەكە رێكخرا.
یەكێك لە دانیشتوانی ناوچەكە بەناوی نوری ئاكباش كە لەگەڵ منداڵەكانیدا بەشداری لە كۆكردنەوەی نەورۆزدا كردووە، بە ئانادۆڵوی راگەیاند "هەركاتێك بەفر توایەوە و گوڵەكانی نەورۆز چیاكانیان رازاندەوە، كەواتە زستانی ئێمەی جووتیار كۆتایی پێ هاتووە و كاتی رابوون و كشتوكاڵ كردن هاتووە.
ئاكباش، باسی لەوە كرد كە كۆكردنەوەی نەورۆز نەریتێكی جوانە و لە كۆنەوە ماوەتەوە و گوتی: "ئێمە، كۆكردنەوەی ئەو گوڵە جوانانە كە چیاكانیان رازاندۆتەوە بە نەریتێك دەبینین. بە خێزانی روومان لە چیاكان كردووە و گوڵی نەورۆز كۆدەكەینەوە. بۆنە خۆش و رەنگە جوانەكەی كاریگەریمان لەسەر دروست دەكات. ئەو گوڵانەی كۆیان دەكەینەوە دەیبەینەوە بۆ ماڵەكانمان و دەیدەینە هاوژینەكانمان. ئەوانیش دەیكەنە ناو گوڵدانەکان و بۆنی ژوورەكەمان خۆش دەكەن. گوڵی نەورۆز ماوەیەكی زۆر لە ئاودا دەمێنێتەوە و بۆنەكەشی بەردەوام بڵاودەبێتەوە".