ئەنقەرە
ھەریەک لەجێگرانی سەرۆکی فراکسیۆنی بەدەپە پەروین بوڵدان و ئیدریس بوڵوکان و پەرلەمانتاری ھەدەپە سیڕی سورەییا ئۆندەر، لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لە دورگەی ئیمرەڵی دیداریان کرد و نامەیەکی ئۆجالانیان ھێنایەوە.
بەپێی ڕاگەیاندنێکی پارتی بەدەپە کە لە نووسراوێکدا ئاشکرای کردوە، ئۆجالان لە پەیامەکەیدا سەرەخۆشی لە خێزانی قوربانیانی خۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەکەی یوکسێک ئۆڤا کردوە.
ئۆجالان لە بەشێکی نامەکەیدا باس لە قۆناغی پرۆسەی چارەسەر دەکات.ئۆجالان لە نامەکەیدا دەڵی: "لەگەڵ پاراستنی ئومێدم بە قۆناغەکە، چاوەڕوانی ھەنگاوی گرنگ و ئەرێنیم لە حکومەت، ھەرکێ بە بیرکردنەوەی حسابی تەسکی ھەڵبژاردن بۆ قۆناغەکە دەڕوانێ، یان ئەوانەی ھەڵمەتی دیموکراتی دوادەخەن دەبنە داوەتکەری مەرجی شەڕ و پێکدادان."
ئۆجالان بەم شێوەیە لە پەیامەکەی بەردەوام دەبێ "سێ ھەنگاو بۆ دیموکراتی و چارەسەر گرنگن، یەکەم رەخساندنی زەمینە لە چوارچێوەی یاسا و دادپەروەریدا، دووەم، بەھۆی ئەوەی لایەنێک نییە کە بۆ دیدارەکان بێلایەن بێ، دەبێ لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا بناسرێ، سێیەمیش بەشداربوونی لایەنێک یان ھاتنە ناوەوەی ناوبژیوانێک لە چوارچێوەی قۆناغەکەدا."
ھەروەھا دەڵێ: "لەگەڵ خاوەنداریەتی و بەرپرسیاریەتیم لە پرۆسەکە، پێویستە بواری پەیوەندیم بە لایەنی مێدیاو راگەیاندنکارەکان بۆ بکرێتەوە بەمەبەستی رونکردنەوەی بیر و کارەکانم بۆ کۆمەڵگا."
لە پەیامەکەیدا ئۆجالان دەڵتەنگی و پەژارەی خۆی بۆ مردنی نیڵسون ماندێلا دەربڕیوە.