عوسمان ئارسڵانی تەمەن ١٨ساڵان، سەرتاشێکی شارۆچکەی ئومروبێیە لە رۆژئاوای تورکیا، رەنگی چاوێکی قاوەییەو ئەوەی دیکە شین، ئەو جیاوازییە وایکردووە ببێتە جێی سەرنجی خەڵکی ناوچەکە.
ئارسڵان نزیکەی پێنج ساڵە کاری سەرتاشی دەکا، لە بارەی جیاوازی رەنگی چاوەکانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو جیاوازییە زگماکە، زۆر جار خەڵکی بە مەبەستی بینینی چاوەکانم دێنە ئێرە، ھەندێکیان باوەڕدەکەن و ھەندێکیان دەڵێن راست نییە، بەڵکە ئەوە دەستکردە. دایک و باوکم لە تەمەنی منداڵیمدا بردوویانمەتە لای چەند دکتۆرێ چاو، بۆ ئەوەی دڵنیابن ئایا ھیچ گرفتێک لە ئارادایە؟ یان لە داھاتوودا کێشە دروست دەکا؟ خۆشبەختانە دکتۆرەکان ھیچ خاڵێکی ناتەندروستییان بە دینەکردووە. دکتۆرەکان دەتوانن بە دانانی ھاوێنەی دەستکرد چاوەکانم بێننەوە ھەمان رەنگ بەڵام ئەو پێشنیارەم پێ باش نییە و بەمجۆرە رازیم."
ئارسڵان ھەروەھا گوتی: "داپیرەیشم وەک من رەنگی چاوانی جیاواز بوو، بۆیە وا ھەستدەکەم ئەوە شتێکی پشتاوپشت بێ، ھەندێ کەس باوەڕناکەن، تەنانەت چەند جارێک دەستیان لە چاوم داوە تا دڵنیاببنەوە لێی. جارێکیان لە شەقام پیاسەم دەکرد، ھەستمکرد دوو گەنج چاودێریم دەکەن و بەدوامدا دێن، زۆر ترسام و خۆمکرد بە یەکێ لە دوکانەکانی ئەوێ، لەناکاو دوو گەنجەکە ھاتنە ژوورەوەو گوتیان مەترسە دوای تۆ نەکەوتووین بەڵکو دوای چاوەکانت کەوتووین."