نزیكەی 150 رۆژنامەوان و رۆشنبیر و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری هەولێر وەك نارەزایی دەربڕین دژی "تیرۆركردنی قەڵەم" بەدرێژای شەقامی شەست مەتری شاری هەولێر بەئۆتۆمبێلێكی جۆری لۆری دەستیان بە خۆپیشاندانێك كرد.
ئەندامێكی گردبوونەوەكە كارۆخ ئیبراهیم گوتی: "ئامانج لەم هەڵوێستە جۆرێكە لە جوڵاندنی رای گشتی لە بەرامبەر كەیسی رۆشنبیران و رۆشبیرانی تیرۆركراو كە تا ئێستا كەیسەكانیان یەكلایی نەكراوەتەوە و بكوژەكانییان نەدراونەتە دادگا."
ئەو لۆریە بە كاروانی هێلە سوورەكان ناسراوە و چەند وێنەیەكی پیا هەڵواسراوە، لەوانە وێنەی رۆژنامەنووسانی تیرۆركراو سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە، كاوە گەرمیانی.