مانیسا
سەرۆکی مەھەپە دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند: "سەرۆکوەزیرانی تورکیا بە ھەڵوەشاندنەوەی سوێندی قوتابخانەکان پێش ھاتنی جەژن، جەژنە پیرۆزەی لە پەکەکە کرد."
دەوڵەت باخچەلی لە میانەی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا گوتی: "ئەو شتانەی کە تا ئەمڕۆ ئەنجاممان داون، گەرەنتی ئەو شتانەن کە لە داھاتوودا ئەنجامیان دەدەین و ئەو ئاستەنگانەی لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆمان درۆست دەکرێن، ناتوانن پاشەکشێمان پێ بکەن."
لە بارەی رەوشی ھەنۆکەیی تورکیا باخچەلی رایگەیاند: "تورکیا لە رەوشێکدایە کە بەردەوام زەرەر دەکات و ھەموو بەھاکانی تورکیا کراونەتە ئامانج."
سەرۆکی مەھەپە گوتی: "پارتی داد و گەشەپێدان بە دەنگی خەڵک ھاتۆتە دەسەڵات، کەچی برایەتی ھەزار ساڵەی گەلی ئێمەی خستوەتە ژێر مەترسییەوە، ئاک پارتی ھەڕەشەی لە ناوبردنی تورکایەتی دەکات، مەترسی زۆر گەورەیە و گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار ، رەق و کینەی سەرۆکوەزیر لەبەرامبەر بوونی نەتەوەیی ئێمە وەک گۆڕی ئاگرە و لە ژێر خاکدا ھاتۆتە دەرەوە"
باخچەلی رایگەیاند: "ئاک پارتی بەم سیاسەتانەی خۆی زەمینەی بۆ گەورەبوونی تیرۆری دابەشکار خۆشکردووە و دەستی خۆی بۆ ئەو کەسانە درێژکردووە کە دژایەتی تورکایەتی دەکەن و ھاوکاریان دەکات. ئاک پارتی دەسەڵاتی ئەو کەسانەی جیاوازی دەخنە نێوان پێکھاتە ئاینی و ئەتنیکییەکانی تورکیاوە زۆر زیادکردووە."
دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند: "ئاک پارتی پێناسەی رەگەزپەرستی و نەژادپەرستی بۆ جەژن و بۆنە نەتەوەییەکانی تورکیا کردووە." و گوتی: "ئاک پارتی دەستی بە مامەڵەکردن لەگەڵ پەکەکە کرد و خۆی رادەستی تیرۆریستەکان کردووە، قەرەبوکردنەوەی تیرۆریستان بۆتە دیالۆگ و زۆر نێزیکبوونەوە لە بارزانی بۆتە دۆستایەتی، لێدانی گەلی تورکیاش بۆتە ئازادی."