Ramal Mahmood
15 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2016
وان - AA
بەهۆی شەپۆلی بەفربارینەوە رێگای هاتوچۆی هەزار و ٩٠١ یەکەی نیشتەجێبوون لە پارێزگاکانی وان، بەدلیس، مووش و هەکاری داخران.
بەهۆی ئەم شەپۆلەوە رێگای هاتوچۆی ٢٩١ گوند و ٢٧٥ دێ لە وان داخران. تیمەکانی شارەوانی وان لەهەوڵەکانیان بەردەوامن لە پاککردنەوەی رێگای شەقام و ناو کۆڵانەکانی شارۆچکەکانی ئەرجیش و ئیپەکیۆڵو.
بەرپرسانی رێگاوبان رایانگەیاند بەهۆی شەپۆلی بەفربارینەوە رێگای هاتوچۆی وان-باخچەسەرای، بایەزید-چاڵدێران، بەدلیس-خیزان-باخچەسەرای، هەکاری- گەچیتلی، ئاهڵات-قەرەحەسەن، یوکسەکۆڤا-شەمزینان، یوکسەکۆڤا- داغڵجا و بەدلیس-گەیکپنار داخراون.
بەڕێوەبەری کەشناسی بەدلیس، راسیم ساراچ رایگەیاند، "بەفر بە ئەستوورایی ١٠٤ سانیتمەتر لە ناو شار و لە بەرزاییەکانیش بەفر بە ئەستوورایی یەک مەتر و نیو باریووە".
شەپۆلی بەفربارین کاریگەری نەرێنیشی کردە سەر مووش و رێگای ٣٦٠ گوند داخران، تیمەکانی شارەوانی مووش لە بێوچان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ پاککردنەوەی شەقام و رێگاکان لەبەفر و کردنەوەی رێگاکان. ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لەناو گەراجەکان بەهۆی کەڵەکەبوونی بەفرێکی زۆر گیربوون. ژمارەیەک هاووڵاتییش بە بەفرماڵ دەیانەوێت بەفری سەر و ژێر ئۆتۆمبێلەکانیان رابماڵن.
لە هەکاریش رێگەی ٩١ گوند و ٢٤٢ دێ داخران. شارەوانی هەکاری رایگەیاند کە بەفر لە ناو شار بە ئەستوورایی ٤٥ سانتیمەتر باریووە و تیمەکان بەردەوامم لە هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی رێگاکان.