Mazın Asad
12 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2018
وان - AA
ھاووڵاتییەکی بەریتانی بەناوی راچیل روخا دۆیلی کە لە بهریتانیاوه بە مەبەستی گەشتیاری سهردانی شارۆچکەی کوش ئاداسی لە ئیزمیر-ی كردبوو و پاشان لەگەڵ گەنجێکی شاری وان بەناوی سەمەد ماجید بڕیاری پێکھێنانی ھاوسەرگیری دا، بە نەریتی وان رێوڕەسمی دەستگیرانی بۆ کرا.
دۆیلی و ماجید ھەشت مانگ لەمەوبەر لە شارۆچکەی کۆش ئاداسی لە ئیزمیر یەکتریان ناسی و پاش ماوەیەکی کورت بڕیاری ھاوسەرگیرییان دا. بڕیارەکە لە لایەن خێزانی ھەردوو گەنجەکە پێشوازی لێکرا و لە ئێستاشدا دەستیان بە ئامادەکاری بۆ ئاھەنگی ھاوسەرگیری کردووە.
ماجید دوای ئەوەی دۆیلی بە خێزانەکەی ناساند، لە دەریاچەی وان داوای ھاوسەرگیری لێکرد. پاش قبووڵکردنی بڕیاری ھاوسەرگیری لە لایەن دۆیلی، رێوڕەسمی دەستگیرانی نەریتی لە وان ساز کرا.
-"دۆیلی فێری زمانمان و خێزانەکەشم فێری ئینگلیزی دەبێت"
سەمەد ماجید لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە دا کە دۆیلی ھەوڵی فێربوونی زمانی کورد و تورکی دەدات و خێزانەکەشی بە سایەی ئەو بوکە بەریتانییەوە دەستیان بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی کردووە و گوتیشی: "ئینشائەڵڵا لە ماوەیەکی کورتدا فێری ھەردوو زمانەکە دەبێت. بەھۆی ئەوەی بەردەوام لێکۆڵینەوە دەکات، ھیچ زەحمەتییەک لەبارەی کلتوورمان ناکێشێت. من ھێشتا بۆ بەریتانیا نەچوومە، بەڵام دوو جار بۆ شارۆچکەی کۆش ئاداسی چووم و لەگەڵ خێزانی دۆیلی بەیەک گەیشتین".
لە لایەکی دیکەوە بوکە بەریتانییەکە، راچیل روخا دۆیلی باسی لەوە کرد کە بەھۆی ھاتنی بۆ شاری وان زۆر خۆشحاڵە و خێزانی ماجیدیشی زۆر خۆش دەوێت.
دۆیلی گوتی: "لەگەڵ خێزانەکەم بەردەوام بە تەلەفۆن قسە دەکەین. رێوڕەسمی دەستگیرانداریم (نیشانكردن) زۆر خۆش بوو. پێش ئەوەی بۆ وان بێم، لە ئەنتەرنێتەوە تەماشای شتە بەناوبانگەکانی شارەکەم کرد. خوانی بەیانی و پەنیری وان زۆر خۆشە. نێوانمان لەگەڵ خەسوم زۆر باشە. ھەردوو خێزانەکەم خۆش دەوێت. ھەرچەندە جیاوازییەکی زۆریش لە کولتوورمان لەگەڵ تورکیا ھەبێت، بەڵام بۆ من کێشە نییە".