ئەنقەرە
دادگای باڵای تاوانەکان لە ئەنقەرە، دوایین بڕیاری لەسەر سەرکۆماری پێشووی تورکیا کەنعان ئەڤرەن و فەرماندەی پشووی هێزی ئاسمانیی تورکیا تەحسین شاھینکایا دەر کرد، لە چوارچێوەی دۆزی کودەتای ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠دا.
ئەڤرەن رۆژی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ کودەتایەکی سەربازیی ئەنجام دا و تیایدا خۆی بووە سەرکۆماری تورکیا تا ١٩٨٩.
بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان لە ئەنقەرە، هەر یەک لە ئەڤرەن و شاهینکایا بە زیندانیی هەتاهەتایی سزا دران.
دادگا تۆمەتی "هەوڵی پێشێلکردن و تێکدانی پەرلەمان و دەستووری تورکیا لە ٢١ کانونی یەکەمی ١٩٧٩ و کودەتای سەربازیی لە ١٢ ئەیلولی ١٩٨٠"ی بەسەر ئەڤرەن و شاھینکایادا سەپاند، بۆیە دادگا بڕیاریدا بەپێی یاسای سزادانی تورکیا، سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەریاندا جێبەجێ بکرێ.
کەنعان ئەڤرەن ئەو کاتەی کودەتای بەسەر حکومەتدا ئەنجام دا، سوپاسالاری تورکیا بوو، دواتر بووە سەرکۆماری تورکیا تا ساڵی ١٩٨٩.