سلێمانی
ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەشاری سلێمانی ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان عادل نوری باسی لە ژیانی قوتابیانی كورد لە زانكۆكانی بەغدا مەترسییەكانی سهر ژیانی ئهو قوتابیانه كرد.
لهمباره عادل نوری گوتی: "دوای سەرهەڵدانی دۆخی ئەمدواییەی عێراق و شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان چەكدارانی داعش و سوپای عێراق، هاوڵاتیانی كورد بەگشتی و به تایبهت قوتابیانی كورد لە شاری بەغدا لە رهوشێكی سهختدان و مەترسییهكی گهوره بۆ سهر ژیانیان دروستبووه".
ئهو ئهندامهی پهرلهمانی عێراق ههروهها گوتی: "لەم هەفتەیەی دواییدا ڕۆژانە كوردەكان لەبەغدا ڕوبەڕوی هێرش و پەلامار و كوشتن و ڕفاندن و دەستدرێژی دەبنەوە كە بەشێكیان كچن، ئەنجامدەرانی ئەو كردەوانەش كۆمەڵێك چەكدار و میلیشیان كەبەجلی فەرمی و ئۆتۆمبیلی سەربازی عێراقییەوە هێرشەكان ئهنجام دهدهن."
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد كه بەهۆی گیرانی ڕێگاكانەوە ئەو كەسانە لە ڕێگەی وشكانییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان و لە ڕێگەی فرۆكەشەوە تا 10ی مانگی داهاتوو بلیتی فرۆكە بڕدراوە و جێگا نییە، بەمانەوەشیان لەناو بەغدا ڕۆژانە ڕوبەڕوی مەرگ و دۆخێكی نالەبار دەبنەوە و بەشێكیشیان خۆیان شاردۆتهوه.
هەفتەی ڕابردو چەند قوتابییهكی كورد لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان ، لە ڕێگای نێوان بەغدا و كەركوك لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە ڕفینران، دوای چەند ڕۆژێك بەهەوڵدانی چەند لایەنێك پێنج كەسیان بەبڕی 60 هەزار دۆلار ئازاد كران و چوار كەسی تریشیان كەخەڵكی ناحیەی جەلەولا بون كوژران.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەی رابردووش لە ڕێگەی فرۆكەیەكی تایبەت و بەگەشتێكی تایبەت 250 كهس كە 175 یان قوتابیی بوون گەیەنرانەوە سلێمانی.
عادل نوری ههروهها گوتی: "ئهو كوردانهی له بهغدا ماونهتهوه قوتابی و هاوڵاتی و تهنیا ههندێكیشیان بەرپرسن و پەیوەندییەكی زۆرم بۆ دێ و داوای هاوكاری گەڕاندنەوەیان دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش لەهەوڵی دابینكردنی گەشتێكی دیكهی تایبەتی فرۆكەوانیداین و تا ئێستا 200 قوتابی ئامادەن بۆ گەڕانەوە."