Hemın Othman Mohammed,Mohammed Baqi Hussein
22 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2016
دیاربەكر
سەرۆكی كاروباری ئایینی توركیا مەهمەت گیۆرمەز، لە مزگەوتی ئولوی شارۆچكەی سووری سەربە پارێزگای دیاربەكر نوێژی هەینی بۆ هاووڵاتییان كرد. لە وتاری هەینیدا گیۆرمەز باسی لە یەكێتی و پێكەوەژیان كرد و، بە زمانی كوردی نزای كرد.
گیۆرمەز، ئاماژەی بەوە كرد كە بەهۆی رووداوەكانی چەند مانگی رابردووی ناوچەی سوورەوە سڵاوی غەمگینانەی بۆ هێناون و گوتی: "لە خۆرهەڵات، خۆرئاوا، ئاسیا و ئەفریقاوە نزا، فرمیسك و سڵاوی غەمگینانەی هەموو مسوڵمانانم بۆ هێناون. كاتێك ئێوە لێرە لەناو ئەم ناڕەحەتیانەدا بوون، كاتێك لەگەڵ برا مسوڵمانەكانماندا لە هەموو شوێنیكی جیهان كۆدەبووینەوە تەنیا یەك شتیان دەگوت 'گەر لە دیاربەكر ئاشتی بەرقەرار بێت لای ئێمەش بەرقەرار دەبێت. گەر دیاربەكر ئارامی و خۆشگوزەرانی هەبێت، ئەوا ئێمەش لەنێو وڵاتی خۆماندا لە ئاسایشدا دەبین. نزاكانمان لەگەڵتانن 'ئیمانداران كە لە هەموو شوێنێكی جیهان كڕنوش بۆ یەك شوێن دەبەن، هەمان هەست و بیروبۆچوونیان هەیە، كە ئەمەش مایەی دڵخۆشیە".
گیۆرمەز باسی لەوە كرد كە ئەمڕۆ لە جیهانی ئیسلامیدا لە بەغدا، دیمەشق، قاهیرە و یەمەن ئاگر بڵێسەی سەندووە، منداڵان لە ناو ئەو ئاگرەدا سووتاون و گوتی: "دوواین دوورگە كە ئومێدی هەموو ئەو ستەمدیدە و بەشخوراوانەی بەستووەتەوە ئەم خاكانەیە كە پێكەوە تیایدا ژیاون".
سەرۆكی كاروباری ئاینی توركیا، ئەوەشی خستەڕوو كە خەڵكی دیاربەكر لە ساڵی 1071دا هەزاران برایان ناردووە بۆ مالازگیرت و شانبەشانی ئالپارسلان، ئەم خاكانەیان لە دەست بێزەنتیەكان رزگاركردووە و بە یەكتاپەرستیان شاد كردووە.
گوتیشی: "منداڵەكانتان لەگەڵ سەڵاحەددینی ئەیوبی تا قودس نارد. دەگێڕنەوە ژنان و دایكانی دیاربەكر لە گوڵەكانی ناوچەی سوور عەتریان ئامادەكردووە و لە شووشەدا بۆ سەڵاحەددینی ئەیوبییان ناردووە. بە سەڵاحەددینی ئەیوبی دەڵێن، سپاردەیەك دەكەین بە تۆ، بەڵام ئەو دەگەیەنیتە جێی خۆی. قودس فەتح دەكەیت و دوای فەتحكردنی، ناو مزگەوتی قودس بەو عەترە دەشۆیت و خاوێنی دەكەیتەوە. سەڵاحەددین دوای فەتحكردنی قودس دەڵێت، یەكێك لەو فەرمانانەی پاڵی بە منەوە نا تا قودس فەتح بكەم، ئەو سپاردەیەبوو كە دایكانی دیاربەكر بەمنیان سپارد".
گیۆرمەز ئاماژەی بەوەدا كە خەڵكی دیاربەكر بۆ پارێزگاریكردن لە وڵاتیش هەمیشە ئامادەبوون و جەختی كردەوە كە گۆڕی 450 شەهیدی تەنها شارۆچكەی لیجە لە خاكی چاناككەلەدا هەیە.
گیۆرمەز گوتی: "لە گوندێكی بچووكەوە 40 جەنگاوەر دەچێت بۆ چاناككەلە. لەو 40 كەسە تەنها دوانیان دەگەڕێنەوە. ژنانی گوندەكە رێگە بەو دوو پیاوەش نادەن بگەڕێنەوە چونكە دەڵێن ئێوە لەگەڵ ئەوانی دیكە نەجەنگیون. هەموو پێكەوە ئەم خاكەمان بەم شێوەیە كردە نیشتمانی خۆمان، بە كورد و عەرەب و تورك و چەركەسەوە. زمان و نەژاد و پلە هیچ واتایەكی نییە بۆ كەسی باوەڕدار".
لەدرێژەی وتارەكەیدا گیۆرمەز رووی قسەكانی كردە دیاربەكرییەكان و بەمجۆرە درێژەی پێدا:
"من دیاربەكرم، منداڵی ئیسلامم. من دیاربەكرم، برای مەككەم. من دیاربەكرم رۆڵەی محمد مستەفام. من دیاربەكرم، برای ئیستانبوڵ، بەغدا، بوخارا و سەمەرقەەندم. برای هەموو شوێنە مسوڵمان نشینەكانم. بەرلەوەی خالد بن وەلید و سولەیمان بن خالد بێنە ئەم خاكە، باو باپیرانمان لە گێژاودا بوون. هەموویان باوەڕیان هێنا. هەموویان هەژاری شارستانی بوون، لەگەڵ محمد مستەفادا دەوڵەمەند بوون و بوونە خاوەنی نیعمەتی ئیسلام. هەموومان بووینە خاوەنی ئەو ئازادییەی لەدەستماندابوو، خوای گەورە ئازادییەكەمان هەمیشەیی بكات".
لە دوای وتارەكەی، گیۆرمەز بە زمانی كوردی نزای كرد و گوتی: "خوای پەروەردگار برایەتیمان تا سەر بھێڵێت. خوا لە هەموو شەڕێك بمانپارێزێت. خوا شار و ناوچەكانمان لە خراپەكاران و رووداوەكان بپارێزێت".