Özcan Yıldırım
29 ئەیلوول 2025•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2025
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان دوپاتی کردەوە کە بە هێزەوە لە پاڵ گەلی فەڵەستین'دا کە هەوڵی پاراستنی خاک، ئازادی و شانازییەکانیان دەدەن دەمێننەوە.
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرکۆماریی ڕوونکردنەوەی بۆ ڕای گشتی دا.
لەسەرەتای گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان وێڕای باسکردن لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا و بەشداری لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی: "سەرەڕای دروستکردنی ئاستەنگ لە لایەن ئیسرائیلەوە، بەڵام بابەتی سەرەکی ٨٠هەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پرسی فەڵەستین بوو. چەند وڵاتێک نەبێ، هیچ کەسێک نایەوێ وێنە لەگەڵ ناتانیاهو و (بەرپرسانی) ئیسرائیل بگرێت. وەک وڵاتێک کە بە کردەوە دەستپێشخەری هەوڵەکە بووین، خۆشحاڵین لەوەی ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە دەوڵەتی فەڵەستین'یان بە فەرمی ناسیوە گەیشتووەتە ١٥٨ وڵات".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "بۆ زۆر کەس سەلمێندراوە، ناتانیاهو کە بە هۆی گەندەڵییەوە گۆشەگیر کراوە، بۆ پاراستنی کورسییەکەی خەریکە ناوچەکە و جیهان ئاگر تێبەردەدات. هەرچەندە بە درەنگیشەوە بێت، بەڵام بە فەرمی ناسینی دەوڵەتی فەڵەستین لە لایەن دوو وڵاتی ئەنجوومەنی ئاسایش (فەڕەنسا و ئیمارات)، زۆر گرنگە".
سەرکۆمار ئەردۆغان دووپاتیشی کردەوە کە، "بە هێزەوە لە پاڵ گەلی فەڵەستین'دا کە هەوڵی پاراستنی خاک، ئازادی و شانازییەکانیان دەدەن دەمێنینەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان وێرای ڕەخنەگرتن لە هەڵوێستەکان دژ بە حکوومەتەکەی گوتی: "ئەوانەی هەتا دوێنێ دەیانگوت کە غەززە، سووریا، لیبیا و سۆماڵ بە ئێمە چی، ئێستا ڕەخنەگرتنیان لە ئێمە هیچ نرخێکی نییە. هۆکاری سەرەکی هێرشکردنە سەر وڵاتەکەمان و خۆم، پێداگیرییە لەسەر هەڵوێستەکانمان. ئێمە نە گوشارەکانی لۆبی جیهانی زایۆنیزم'مان لا پەسەندە و نە لە بەرامبەر کەمپێنەکانی ناوخۆیی خۆمان کە لە هەوڵی چەواشەکاریدان، سەر دا دەنوێنین".
سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەشیەوە، سەرکۆماری تورکیا گوتی: "هەڵوێستی ئێمە ساڵانێکە کە بەرامبەر هیستریای ئۆپۆزسیۆن نەگۆڕە. متمانەی ٨٦ ملیۆن کەسمان پێیە و ئەرکمان قورسە. هۆکاری ئەوەی کە سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەوانانی ئۆپۆزسیۆن هەوڵی بێ نرخکردنی سەردانی ئێمە بۆ ئەمریکا دەدەن ئەوەیە کە سەردانێکی زۆر سەرکەوتوو بوو. ئەگەر گوێمان لە ئۆپۆزسیۆن ڕاگرتبا، نەدەبووینە خاوەنی هیچ کام لە وەبەرهێنان و ژێرخان و سەرخانی تورکیا. هەر هەنگاوێکی ناومانە، لە سیاسەتی دەرەوە تا گواستنەوە، لە وزە تا پیشەسازی بەرگریی، لە گەشتیارییەوە تا تەندروستی، بەهەموو دژایەتییەک کە لەگەڵمان کراوە، سەرکەوتوو بووین".
لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "ئاکامی ئەرێنی دیدارمان لەگەڵ بەڕێز ترەمپ، هەموومان لە داهاتوودا شایەتی دەبین".
سەرکۆمار ئەردۆغان وەڵامی ڕەخنەکان پەیوەنیدار بە کڕینی فڕۆکە بۆ هێڵی ئاسمانی تورکیا، گوتی: "وەک ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بیری لێ دەکاتەوە، کڕینی فڕۆکە وەک کڕینی شیر لە بەقاڵ نییە. پێویستییەکەت دیاری دەکەی، پلان دادەنێی، دانوستان دەکەی و دەگەی بە ڕێککەوتن".
پەیوەندیدار بە خزمەتگوزاری ناوخۆیی، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "بە ڕێگەی وەزارەتی ژینگەوە، دەست بە دروستکردنی ٥٠٠ هەزار یەکەی نوێی نیشتەجێبوون لە ٨١ پارێزگادا دەدەین. سەرەڕای ئەوەی کە کۆنتڕۆڵی جیهانی دیجیتاڵ ئەستەمە، بەڵام هەوڵەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەرچەشنە قومار و یان گرەوێکی نایاسایی بەردەوام دەبێت. کەسوکاری شەهید، قارەمانانی جەنگ، خانەنشینەکان، لاوان و ئەو خێزانانەی کە سێ منداڵیان هەیە، یەکەی نیشتەجێبوونی تایبەتیان بۆ تەرخان دەکرێت".