Sarmand Hameed
29 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی نامەیەکی لە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانهوه پێگەیشت کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە بانگهێشتکردنی سوودانی بۆ ئهوهی سهردانی ئەنقەرە بكات.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، عەلی رەزا گونەی کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی دیدارەکەدا باڵیۆزی تورکیا لە عێراق نامەیەکی گەیاندووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئەوەی سوودانی سەردانی تورکیا بکات.
لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتنامەکەی بەرز نرخاندووە و بەڵێنی ئەوەی داوە کە لە نزیکترین دەرفەتدا ئەم سەردانە ئەنجام بدات.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە نامەکەیدا خواستی حکوومەتی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی هاریکاری ستراتیژی عێراقی ـ تورکی نیشانداوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە ئابوورییە دوو قۆڵیەکانی نێوان عێراق و تورکیا و چۆنییەتی پەرەپێدانیان کراوە، هەروەها باس لە پرۆژەی کەناڵی جاففە و پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ هەماهەنگیکردن بۆ قوناغەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و رێکارەکان بۆ ئاسانکارنی پێدانی ڤیزا بە وەبەهێنەران و تەکنیکارانی تورک کە لە عێراقدا کاردەکەن، کراوە.