Sarmand Hameed
28 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، لۆرێنزۆ گوێڕینی و شاندی یاوەری کرد.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی دیدارەکەدا تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیتاڵیا لە بواری ئاسایش و مەشقپێکردنی هێزە عێراقییەکان، هەروەها لە بواری پێشەسازی بەرگرییدا کراوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، لە میانی دیدارەکەدا کازمی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، خواستی وڵاتەکەی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیتاڵیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش نیشانداوە و هیوای خواستووە کە ئیتاڵیا رۆڵ بگێڕێت لە هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردووەتەوە کە تیرۆریستانی داعش تاوەکو ئێستاش هەڕەشەیەکی راستەقینەیە لە عێراق لە رێگەی شانە نووستووەکانی و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزە ئەمنییەکان بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییەکانیان بۆ راوەدوونانیان.
کازمی جەختی لەوە کردووتەوە کە حکوومەتی عێراق ئەمڕۆ رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی مەترسیدار دەبێتەوە ئەوەیش چەکی بێ مۆڵەتە کە هەڕەشەیە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و روونی کردووەتەوە کە دەزگا ئەمنییەکان بە توندی کار دەکەن بۆ سەپاندنی یاسا و پارێزگاری هاووڵاتییان و پاراستنی ئاسایشی نێردە دیپلۆماتییەکان و راوەدوونانی گرووپەکانی دەرچوو لە یاسا.
لەلای خۆیەوە، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، لۆرێنزۆ گوێڕینی رژد و بایەخدانی حکوومەتی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی هامەهەنگی لەگەڵ عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە تاوەکو ئێستا هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە، دووپاتکردووەتەوە و هیوای هەماهەنگی دووقۆڵی هەروەها لەسەر ئاستی ناتۆ لەگەڵ عێراق خواستووە.
لۆرێنزۆ گوێڕینی جەختی لە پێویستی پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ حکوومەتی عێراق کردووەتەوە بەوەی سەرکەوتنی گرنگی دەبێت بۆ سەقامگیری ناوچەکە.