Ramal Mahmood
07 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2017
نەوەی پشتی سێهەمینی ٣١مین پاشای دەوڵەتی عوسمانی سوڵتان عەبدولمەجید خان و سەرۆکی ٤٤مینی خانەدانی عوسمانی، عوسمان بایەزید عوسمانئۆغڵو لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
بەپێی زانیارییە دەستکەوتووەکان عوسمانئۆغڵو ماوەیەک بوو بەدەست نەخۆشییەوە دەیناڵاند، دوای ئەوەی لە ٩ی ئەم مانگە لە مزگەوتی ئەیوب سوڵتان لە نیویۆرک نوێژی مردووی لەسەر دەکرێت دواتر لە گۆڕستانی خێزانەکەیان لە لۆنگ ئایسلاند بەخاک دەسپێردرێت.
ناوبراو بەتەمەنترین کەسی ناو خێزانەکەیان بووە و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنیشی لەلایەن سەرکۆنسوڵگەری تورکیا لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت.
عوسمان بایەزید عوسمانئۆغڵو لەکاتی راگواستنی خانەدانی عوسمانی بۆ تاراوگە لە ساڵی ١٩٢٤ لە فەڕەنسا لەدایکبووە. دواتر لەگەڵ دایک و براگەورەکەی کۆچ دەکەن بۆ نیویۆرک و دوا ئەوەی ماوەی ٤٥ ساڵ پەرتووک بۆ ١٥ زمان وەردەگێرێت لە پەرتوکخانەکانی ئەمریکا و بژێوی خۆی بەمە دابین دەکات لە ساڵی ١٩٩٧ خانەنشین دەبێت.
سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٤ قەدەغەکردنی گەڕانەوە بۆ تورکیا لەسەر پیاوانی ئەم خانەوادەیە هەڵدەگیرێت، بۆ جاری یەکەم بەپێداگیری دایکی لە ساڵی ١٩٨٥ سەردانی تورکیا دەکات، دواتر هەموو ساڵێک سەردانی تورکیا دەکات بەڵام ئاماژەی بەوە دابوو هیچ بیری لەوە نەکردووەتەوە کە لە تورکیا نیشتەجێ ببێت. ناوبراو لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٠٩ دوای ئەوەی عوسمان ئەرتوغروڵ ئەفەندی لە ئیستانبوڵ کۆچی دوایی دەکات لە جێگای ئەو دەبێتە سەرۆکی خانەدانی عوسمانی.