Emre Ilıkan,Necat Hazar
12 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2020
وان- AA
سەرۆکی پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن (DEVA)، عەلی باباجان دوابەدوەی بەدلیس سەردانی پارێزگای وان-ی کرد و هاووڵاتییانی شارەکەی بەسەر کردەوە.
عەلی باباجان باسی ئەوەی بۆ هاووڵاتییان کرد کە پارێزگای وان یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی گەشتوگوزار و ئاژەڵداری تورکیا و تایبەتمەندی پیشەسازیشی هەیە کە تا ئێستا سوودی لێوەرنەگیراوە.
سەرۆکی پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن جەختی لەوەش کردەوە کە وڵات پێویستی بە ئاسایش و سەقامگیری هەیە و لەئێستادا، بێکاری و گرانی کێشەی گەورەی هاووڵاتییانە.
عەلی باباجان لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی هاووڵاتییانیشەوە گوتی: "پێویستە بۆ زیادکردنی خۆشگوزەرانی، وەبەرهێنانی زیاتر بهێندرێتە وان، بەداخەوە بەهۆی نەبوونی کەشی ئارام و ناسەقامگیری باری ئابووریی، وەبەرهێنەران لە کارکردن دەترسن. ئەمەش وا دەکات گەنجان بەسەختی کاریان دەست بکەوێت و رێژەی بێکاری بەرزببێتەوە".
سەرۆکی پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن لەبارەی پارتەکەیەوە رایگەیاند "پارتەکەمان بەخێرایی گەشە دەکات. دەمانەوێت بەزووترین کات خۆمان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئامادە بکەین کە ئەگەرێکی زۆر هەیە هەڵبژاردنی پێشوەخت بن. لە راستیدا بەسەختی دەزانین سیستم تا ٢٠٢٣ خۆی بگرێت. هەرچەند کێشەکان گەورەش بن تورکیا توانای دووبارە هەستانەوەی هەیە".