Melike Gallenkuş Ayfar
14 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2023
ئیستانبوڵ-AA
سەرۆکی گشتیی پارتی ئایندە، ئەحمەد داودئۆغڵو بەشداری کرد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی و پەرلەمانیی تورکیادا و لە ناوچەی ئەیوبسوڵتان ئیستانبوڵ دەنگی دا.
ئەحمەد داودئۆغڵو کە لەگەڵ سارە داودئۆغڵوی هاوسەری هاتنە قوتابخانەی سەرەتایی نەجات سابونجو لە ناوچەی ئەیوبسوڵتان، لەو پۆلەی کە دەنگیان لێ دا، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی دایکەوە قەنەفڵیان پێشکەش بە کارمەندە ژنەکان کرد و پیرۆزبایی ئەو رۆژەیان لێ کردن.
سەرۆکی گشتیی پارتی ئایندە، ئەحمەد داودئۆغڵو کە لەگەڵ هاوسەرەکەی دەنگی خۆی خستە ناو سندوقی ژمارە ٢٢٤٩، هیوای خواست ئەم هەڵبژاردنە ببێتە خێر و خۆشی بۆ هەمووان.
ئەحمەد داودئۆغڵو دواتر لە بەردەم قوتابخانەکەدا بۆ رۆژنامەنووسان دوا و تیشکی خستەسەر ئەوەی کە ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی سەدەی دووەمی کۆماری تورکیایە و گوتی: "لە سیستەمی فرەپارتدا، ئەو پارتانەی کە بە ئیرادەی گەل لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەسەڵات دەگرنە دەست، دەبێت کار بکەن بۆ ئەوەی بە درێژایی ئەو ماوەیە پارێزگاریی لەو متمانەیە بکەن کە پێیان دەدرێت".
سەرۆکی گشتیی پارتی ئایندە جەختی لەوە کردەوە کە لە میانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بەڵێن و دەنگی خۆیان گەیاندووەتە گەل و گوتی: "ئەمڕۆش کاتی ئەوەیە گەل دەنگی خۆی بدات. 'گەل هەرچییەک بڵێت ئەوە راستە' و پێویستە بێ هیچ دوودڵییەک رێز لە بڕیارەکەی بگرین. من لەو باوەڕەدام کە لە رووی هاتنەکایەی دیموکراسییەوە (ئەم هەڵبژرادنە) دەبێتە خاڵی وەرچەرخان. پێویستە وەک دەوڵەتێک کە لەسەر بنەمای یاسای دیموکراسیی دامەزراوە بچینە ناو سەدەی داهاتووەوە، رێز لە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ بگرین و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەناوخۆدا دەستەبەر بکەین و بە ئاشتی لەگەڵ هەموو چین توێژەکان، بیروباوەڕە جیاوازەکان بژین. هەڵبژاردن دەبێتە ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی ئەمانە".
ئەحمەد داودئۆغڵو هیوای خواست جەژنی سەرکەوتنی هەڵبژاردن لە ئانادۆڵو بە ئارامی و بە باشترین شێوە بەڕێوەبچێت، دواتر لەگەڵ ئەندامانی پارتەکەیدا وێنەیەکی بۆ یادگاریی چرکاند .