Rewa Mahmut Hasan
25 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2015
هاوسەرۆکی هەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش لە دیاربەکر لەگەڵ کاسبکاران کۆبوویەوە و باسیان لە دۆخی ئاشتی و شەڕوپێکدادانەکان کرد و هیوای دووبارە بەرجەستەبوونی ئاشتی خواست.
دەمیرتاش گوتی: "نزیکەی ٤٠ ساڵە لێرە دەنگی چەک دێت، بۆ ئەوەی براکانمان لە رۆژئاوا (تورکیا) تێبگەن لە دەستەواژەی "جەنگ" با هەر هیچ نەبێت چەند هەفتەیەک بێن بۆ ئێرە. ئەوانەی کە دەڵێن ئێمە ئەم کارە بە شەڕ کۆتایی پێ دێنین، بانگهێشتیان دەکەم کە بێن لێرە بژین و یەک شەو لەناو بنکەیەکی پۆلیسدا بمێننەوە و ئێشک بگرن.
کێشەی ١٥٠ ساڵەیی هەیە و تۆ دێیت و دەڵێیت بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی چارەسەریی دەکەم.
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا دەمیرتاش ئاماژەی بە نەبوونی متمانە کرد لەنێوان لایەنەکان و گوتی: "ئەو کەشوهەوای ئاشتییەی خوڵقابوو، دوای هەڵبژاردن بەزۆر لابراو، بۆیە دەبێت هەرچی زووترە رێگاکانی چارەسەریی بدۆزینەوە".
دەمیرتاش گوتی: "ئەگەر پڕۆسەی دانوستان سەرلەنوێ دەست پێبکاتەوە و هەردوولا ئاگربەست رابگەیەنن، بە بێ ئەوەی گوێ بدەمە دەنگەکانی هەڵبژاردن، پشتگیری لەمە دەکەم. ئەو مەترسییەش لەبەرچاو دەگرم. بەشەڕوپێکدادان، چارەسەریی بەرەو پێش ناچێت. ئێمە بڕوای خۆمان لەدەست نەداوە. چونکە لەو بڕوایەداین هیچ رێگەیەکی تر نییە بمانباتەوە بۆ ئاشتییەکی هەتا هەتایی. مردن، برایەتیمان لەم خاکە بەهێزتر ناکات".
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا دەمیرتاش هیوای خواست کە دوای هەڵبژاردن دانوستانەکانیان دەستپێبکەنەوە.