Abdullah Shukur
19 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2017
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا یان مارک ئایڕۆڵت رایگەیاند "لە چەند رۆژی داھاتوودا بەڵگەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی ئەسەد لە ھێرشەکەی سەر شارۆچکەی خان شەیخۆن سەربە پارێزگای ئیدلب، دەخەینەڕوو".
ئایڕۆڵت لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئێل سی پی، رایگەیاند کە لە چەند رۆژی داھاتوو دەزگای ھەواڵگری فەڕەنسا بەڵگەکان ئاشکرا دەکەن.
ئایڕۆڵت گوتیشی: "لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن دەزگای ھەواڵگری سەربازیی و خزمەتگوزاری ھەواڵگری فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت. لە چەند رۆژی داھاتوودا بەڵگەی تەواو لەسەر بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە ھێرشەکەی سەر شارۆچکەی خان شەیخون لەلایەن رژێمی ئەسەد، دەخەینەڕوو".
ئایڕۆڵت ئاشکراشی کرد کە زانیارییان لەبەردەستە بەوەی رژێمی ئەسەد بە ئەنقەست چەکی کیمیایی بەکارھێناوە.
لە ئەنجامی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی ئەسەد لە شارۆچکەی خان شەیخون سەربە پارێزگای ئیدلب لە سووریا، زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژران کە ژمارەیەکیان منداڵ و ئافرەت بوون و نزیکەی ٥٠٠ کەسیش کەوتنە ژێر کاریگەری چەکە کیمیاییەکە.